سەرۆکی جەهەپە دەمیرتاش بە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ناو دەبات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە گوتارێکیدا ئاماژەی بە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازادکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دا و رایگەیاند، ئەو واژۆیانە بۆ دەمیرتاش و ئومیت ئۆزداغیشن، کە بۆی هەیە ببنە بەربژێری سەرۆککۆماری تورکیا.
 
جەهەپە دەستی بە کەمپەینێکی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کردووە و زیاتر لە 15 ملیۆن واژۆ کۆکراوەتەوە.
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)  شەوی رابردوو 14-5-2025 لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لەوە کرد، ئەو واژۆیانە تەنیا بۆ ئیمامئۆغڵو نین، بەڵکو سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەریش دەگرێتەوە، کە ئەگەر هەیە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەربژێر بن.
 
سەرۆکی جەهەپە سڵاوی ئاراستەی هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ کرد. هەروەها جەختیکردەوە ئەو هەنگاوەی جەهەپە، هاوکات دەبێتە هۆی ئازادبوونی دەمیرتاش.
 
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە هەڵبژاردنەکانی 2014 و 2018 وەکو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا رکابەریی کرد.
 
ساڵی 2014 رێژەی 9.76٪ی دەنگەکانی تورکیای بەدەستهێنا کە 3 ملیۆن و 958 هەزار و 48 دەنگ بوو.
 
هەروەها لە هەڵبژاردنەکەی 2018'دا 8.4٪ی دەنگەکانی تورکیای بەدەستهێنا کە 4 ملیۆن و 205 هەزار و 794 دەنگ بوو.