بودجەی تورکیا لە مانگی نیسان دا زیاتر لە 7 ملیار دۆلار کورتیهێناوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا، بودجەی حکومەتی ناوەندیی ئەو وڵاتە لە مانگی نیسانی ئەم ساڵدا زیاتر لە 338 ملیار لیرە کورتیهێناوە، ئەوەش بەراورد بە مانگی ئازار زیادی کردووە.
 
رۆژی هەینی، 15ی ئایاری 2026، وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا خەرجی و داهاتەکانی بودجەی مانگی نیسانی بڵاوکردەوە. بەپێی داتاکان، کورتهێنانی بودجە گەیشتووەتە 338.7 ملیار لیرە (نزیکەی 7.44 ملیار دۆلار)، لەکاتێکدا لە مانگی ئازاردا کورتهێنانەکە 229.8 ملیار لیرە (نزیکەی 5.05 ملیار دۆلار) بووە.
 
ئامارەکان دەریدەخەن کە لە مانگی نیسان دا داهاتەکانی تورکیا بەشی خەرجییەکانی نەکردووە:
 
- خەرجییەکانی بودجە: یەک تریلیۆن و 524.9 ملیار لیرە (نزیکەی 33.5 ملیار دۆلار).
- داهاتەکانی بودجە: یەک تریلیۆن و 186.2 ملیار لیرە (نزیکەی 26.0 ملیار دۆلار).
- خەرجییەکان بەبێ سوو: یەک تریلیۆن و 267.3 ملیار لیرە (نزیکەی 27.8 ملیار دۆلار).
 
لەلایەکی دیکەوە، کۆکردنەوەی داهاتی باج لە مانگی نیسان دا بە بەراورد بە هەمان مانگی پار 28.5٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە یەک تریلیۆن و 12 ملیار لیرە (نزیکەی 22.2 ملیار دۆلار).
 
لە ماوەی نێوان کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی نیسانی ئەم ساڵ، ئاستی کورتهێنان لە بودجەی گشتیی تورکیادا بەم شێوەیە بووە:
 
- کۆی خەرجییەکان: 5 تریلیۆن و 950.3 ملیار لیرە.
- کۆی داهاتەکان: 5 تریلیۆن و 191.5 ملیار لیرە.
- کۆی کورتهێنان: 758.8 ملیار لیرە.
 
رۆژی هەینی، لە بازاڕەکانی تورکیادا 100 دۆلاری ئەمریکی بە 4,554 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە نیسانی ساڵی رابردوودا (2025)، 100 دۆلار لە نێوان 3,790 بۆ 3,850 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا.