ئەردۆغان: دەمانەوێ وڵات لەم دەستوورە رزگاربکەین کە بەرهەمی کودەتایە

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای دووەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی تازەی کابینەکەیدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند دەستووری ئێستای وڵاتەکەی بەرهەمی کودەتای ساڵی 1980یە و کار بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ دەکەن.
 
دووەمین کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 14-6-2023 بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان بەڕێوەچوو، ماوەی هەشت کاژێری خایاند. بابەتەکانی ئابووری و زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە دوو تەوەری گرنگی کۆبوونەوەکە بوون، هەروەها باس لە گۆڕانکاریی دەستووریش کرابوو.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دەستووری ئێستای وڵاتەکەی بە بەرهەمی کودەتاکەی 12ی ئەیلوولی 1980 وەسفکرد و گوتی: "دەمانەوێ هەموومان بەیەکەوە وڵاتەکەمان لەم دەستوورەی ئێستا رزگار بکەین، کە بەرهەمی کودەتایە. پەنا بەخوا لە درێژایی ماوەی حوکمڕانیماندا لەگەڵ هاوبەشانمان لە هاوپەیمانیی جمهوور، تورکیا بە دەستوورێکی سڤیل شاد دەکەین".
 
ئەمە یەکەمجار نییە ئەردۆغان باس لە پێویستیی تورکیا بە دەستووریکی نوێ دەکات، پێشتریش زۆر جار ئەو بابەتەی ورووژاندووە و داواشی لە ئۆپۆزیسیۆن کردووە هاوکاری نیشان بدەن. پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن تاوەکو ئێستا بە روونی بابەتەکەیان رەتنەکردووەتەوە، بەڵام رەخنەیان لە ئاکپارتی هەیە بەوەی گوایە دەیەوێت دەستوورەکە لە خزمەت خۆیدا نوێ بکاتەوە. ساڵی 2021 بە هەمانشێوە ئەردۆغان لەم بابەتەدا داوای لە ئۆپۆزیسیۆن کرد. ئەوکات فایەق ئۆزتراک، گوتەبێژی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە گوتی: "ئەردۆغان هەر کاتێک باسی لە گۆڕانکاریی دەستوور کردبێت، خەڵک دۆراندوویەتی و خۆی قازانجی کردووە. ئەردۆغان هەموو جارێک بە هەوەسی خۆی جلوبەرگی بۆ دەستوور بەدوورین داوە".
 
هەرچەندە دەستووری ئێستای تورکیا کە ساڵی 1982 نووسراوەتەوە، 12 جار گۆڕانکاریی بەرفراوانی تێدا کراوە، بەڵام بەرپرسانی ئاکپارتی دەڵێن، ئەوە دەستوورێکە لە ئەنجامی کودەتاکەی ساڵی 1980 دروستکراوە و بە رۆحێکی کودەتایی نووسراوەتەوە، هەر بۆیە پێویستە بگۆڕدرێت.
 
دوای کودەتاکەی کەنعان ئێڤرەن، لە رۆژی 12ی ئەیلوولی 1980 حکومەتی ئەوکات ناچالاک کرا و رژێمێکی سەربازیی بەڕێوەبردن راگەیێنرا. رژێمی سەربازی بە سەرکردایەتیی کەنعان ئێڤرەن دەستوورێکیان نووسییەوە. رۆژی 7-1-1982 خەڵک بۆ پەسندکردن یان رەتکردەوە چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان. لە کۆی 18 ملیۆن و 885 هەزار و 488 کەس کە دەنگیاندا، 17 ملیۆن و 215 هەزار و 559 کەس دەنگی "بەڵێ"یان بە دەستوورەکەی کەنعان ئێڤرەن دا. ئەو دەستوورەی ئێستا لە تورکیا بە بەرهەمی کودەتا وەسفدەکرێت، ئەوکات رەزامەندیی 91.3٪ی تورکیای بەدەستهێنا و خرایە واری جێبەجێکردنەوە.