تورکیا رەتیدەکاتەوە لەڕێی بنکەی کورەجیک زانیاریی بە ئیسرائیل دابێت


رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست کە سەر بە حکومەتی تورکیایە، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن، تورکیا لەڕێی راداری بنکەی کورەجیکەوە زانیاریی بە ئیسرائیل داوە.
 
لەدوای هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و کوشتنی ژمارەیەک بەرپرسی پلەباڵای ئەو وڵاتە، بەشێک لە میدیای نزیک لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بڵاویانکردەوە کە گوایە تورکیا زانیاریی تایبەت بە ئێرانی بە ئیسرائیل داوە.
 
بەگوێرەی ئەو هەواڵانە، تورکیا ئەمەی لەڕێی رادارەکانی بنکەی سەربازیی کورەجیک کردووە کە دەکەوێتە پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان.
 
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست کە سەر بە سەرۆکایەتیی کۆشکی کۆماریی تورکیایە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "ئەو دەنگۆیە راست نییە کە دەڵێت، لەڕێی راداری بنکەی سەربازیی کورەجیکەوە زانیاریی بە ئیسرائیل دراوە. بنکەی سەربازیی کورەجیک بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندیی نیشتمانیی تورکیا دامەزراوە. هەروەها ئامانجی پاراستنی وڵاتانی هاوپەیمانیی ناتۆیە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها جەخت کراوەتەوە کە زانیاریی رادارەکانی ئەو بنکەیە، تەنیا لە ژێر رێنماییەکان و لەکاتی پێویستدا بە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ دەدرێن و دەڵێت: "بە هیچ شێوەیەک ئەو زانیارییانە بە ئیسرائیل و ئەو وڵاتانە نەدراوە کە ئەندامی ناتۆ نین".
 
هاوکات جەخت دەکاتەوە کە تورکیا دژی هەوڵەکانی تێکدانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە لەلایەن ئیسرائیلەوە و هەرگیز پشتیوانییەکی لەمجۆرەی بۆ ئەو وڵاتە نابێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها جەختکراوەتەوە، تورکیا ئەم هەڵوێستەی لە ناو ناتۆش نیشانداوە و لە دژی بەشداریکردنی ئیسرائیل لە مانۆڕەکانی ناتۆشدا هەڵوێست نیشان دەدات.
 
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست هەروەها ئەو دەنگۆیانە بە هەوڵێک بۆ دروستکردنی پشێوی لە ناو خەڵک وەسف دەکات.