سەرۆکی شارەوانییەکی جەهەپە و 39 کەسی دیکە دەستبەسەرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵی لە گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، سەرۆکی شارەوانی بەیئۆغلۆی ئیستەنبووڵ و 39 کەسی دیکە دەستبەسەر کران.
ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 15ـی ئابی 2025 دەستیپێکرد، دوای ئەوەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە رێکخراوی تاوانکاری، گەندەڵی، بەرتیل، ساختەکاری و گەندەڵی لە تەندەرەکاندا" و فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ 44 کەس دەرکرد.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا ئینان گونەی، سەرۆکی شارەوانی بەیئۆغلوی جەهەپە و 39 کەسی دیکە دەستبەسەر کران.
ئۆپەراسیۆانی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی چوار داواکراوەکەی دیکە بەردەوامە.
بورهانەدین بولوت، جێگری سەرۆکی جەهەپە بۆ کاروباری پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندن، لە پۆستێکدا لە هەژماری ئێکس، نووسیویەتی: "ئەمە یاسا نییە، ئۆپەراسیۆنێکی سیاسییە کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بە فەرمان بەڕێوەدەچێت؛ بەڵگەی شەرمەزاریی رژێمی ستەمکارییە!"
بورهانەدین بولوت پێیوایە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە، "بێدەنگکردنی ئۆپۆزیسیۆن و زەوتکردنی ئیرادەی گەلە"
ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە ئەمڕۆ کرا، نۆیەمین ئۆپەراسیۆنە بۆ سەر گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ، کە بە دەست جەهەپەوەیە. سەرۆکی شارەوانییەکە، کە ئەکرەم ئیمامئۆغلو بوو، ئێستا لە زیندانە.