فاتیح ئەربەکان: با دەوڵەت باخچەلی خۆی بچێتە ئیمرالی

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهی تورکیا دەڵێت، کۆبوونەوەی شاندێکی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەریی پەرلەمان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە راست نازانن و پێشنیازی کرد، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) خۆی بچێتە ئیمرالی و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە.
 
لە لێدوانێکدا فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهی تورکیا باسی لە پرسی سەردانی شاندێکی کۆمیسیۆنەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەریی پەرلەمان بۆ دوورگەی ئیمرالی و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆجەلان کرد.
 
ئەربەکان رایگەیاند، وەک پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە راستی نازانن ئەو کۆمیسیۆنەی نوێنەرایەتیی پەرلەمان دەکات، بچێتە ئیمراڵی و گوتی: "ئەگەر کۆبوونەوەیەک لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکرێ، با بەڕێز دەوڵەت باخچەلی خۆی بیکات. بەڕێز باخچەلی وەک کەسێک کە دەستپێکەری هەموو ئەم پڕۆسەیەیە، باسی لەوە کردووە کە پێویستە لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە و گوتوویەتی بۆچوونەکانی ئۆجەلان زۆر گرنگن، کەواتە با خۆی بچێتە ئیمراڵی و رووبەڕوو لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە."
 
پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بانگەوازەکەی ساڵی رابردووی باخچەلی بۆ رێبەری پەکەکەی وەبیرهێنایەوە و گوتی: "ئۆجەلان ناتوانێ بێتە پەرلەمان، کەواتە با بەڕێز باخچەلی کە بانگهێشتی پەرلەمانی کردبوو، بچێتە ئیمرالی. دواتریش با خۆی بێت و کۆمیسیۆن ئاگادار بکاتەوە."
 
ماوەیەکە پرسی چوونی شاندێکی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا بۆ ئیمراڵی و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆجەلان لە رۆژەڤدایە.
 
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتی، بڕیارە شاندێکی پێنج کەسیی کۆمیسیۆنەکە سەردانی ئیمرالی بکات.
 
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ پێشتریش رایگەیاندبوو، ئەوان دژی ئەوەن کۆمیسیۆن لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە و گوتبووی، ئەگەر ئەوە رووبدات، کشانەوە لە کۆمیسیۆنەکە دەخەنە رۆژەڤی خۆیانەوە.