ئەردۆغان: رێگە بەو کەسانە نادەین دەیانەوێ پەیوەندیی نێوان تورک، کورد و ئەوانی دیکە تێکبدەن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند رێگە بەو کەسانە نادەین کە دەیانەوێ پەیوەندیی نێوان تورک، کورد و ئەوانی دیکە تێکبدەن.
 
دوای کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی تورکیا کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 15-12-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد.
 
سەرۆککۆماری تورکیا پرۆسەی چارەسەری کرد و ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان کورد، تورک و پێکهاتەکانی دیکە کرد و  گوتی: "لە ئەزموونی مێژووییمانەوە، بەتایبەتی بەو هێزەی بەدەستمان هێناوە، ئەوەی ئێمەی بەهێز و خۆڕاگر کردووە، پەیوەندیی تۆکمەی نێوان کورد، تورک، عەرەب، لاز، چەرکەز، سوننی، عەلەوی و ئەوانی دیکەیە بە بێ جیاوازی. هەروەک هەمیشە گوتوومە؛ یەکین، پێکەوەین، براین، هەموومان بەیەکەوە تورکیاین. رێگە بە هیچ کەسێک نادەین ئەمە تێکبدات و بۆمبی لە ژێر دابنێتەوە."
 
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "لە بەرامبەر ئەو گوتانەی کە سنووری خۆیان بەزاندووە و هەندێک جار ژنان، عەلەوییەکان، یان برا کوردەکانمان دەکەنە ئامانج، هەلی سیاسەتی نەفرینیان پێنادەین. بە پێچەوانەوە زیاتر پشتیوانی یەکدی دەبین و رێگەی زیاتر بەهێزکردنی برایەتیمان دەدۆزینەوە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتەیەکی مەولانا جەلالەدین رۆمیی بەبیرهێنایەوە و گوتی:"ئێمە لە خاکەکەماندا جگە لە خۆشەویستی، هیچ شتێکی دیکەمان نەچاند. لەمەودواش لە ناوچەکەمان و خاکەکەماندا رێگەنادەین جگە لە خۆشەویستی، جوانی، میهرەبانی و چاکە هیچ شتێک بچێندرێ. هەمووکات تەواوی 86 ملیۆنەکە لەباوەشدەگرن.
 
ئەم گوتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدان کە کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان، ئێستا چاوەڕێی پارتەکانی پەرلەمان دەکات بۆ ئەوەی بۆچوون و پێشنیازیان لەسەر پرۆسەکە لە راپۆرتێکدا پێشکێش بکەن.