عوسمان بایدەمیر بەهۆی ناوهێنانی کوردستان مووچەبڕ کرا
رووداو - هەولێر
عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەهۆی بەکارهێنانی ناوی کوردستان لە دانیشتنێکی پەرلەمانی تورکیا، مووچەبڕ کرا.
عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی رووها، بەهۆی بەکارهێنانی ناوی کوردستان بەبڕی 12 هەزار و 322 لیرەی تورکی (سێ هەزار و 240 دۆلاری ئەمریکی) سزا درا.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، سەرۆکایەتی کاروباری دارایی پەرلەمان پێش وەرگرتنی مووچەی ئەم مانگە لە 15ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بەنووسراوێکی فەرمی بایدەمیری ئاگادارکردووەتەوە، کە بەگوێرەی ماددەی 163ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بەبڕی 12 هەزار و 322 لیرەی تورکی مووچەبڕ کراوە، بەم پێیەش یەک لەسەر سێی مووچەکەی خرایە سەر حیسابی بانکی.
لە مێژووی پەرلەمانی تورکیادا، ئەمە یەکەمجارە سزایەکی بەوشێوەیە بۆ پەرلەمانتارێک ببڕێتەوە، ئەو بڕیارە بەپشتبەستن بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
بایدەمیر لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا لەکاتی گفتوگۆکردن لەبارەی رەشنووسی بودجەی 2018 لە دانیشتنی پەرلەماندا، بەهۆی بەکارهێنانی ناوی کوردستان لەلایەن دەستەی سەرۆکایەرتی پەرلەمان، بە دوورخستنەوە لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو رۆژ سزادرا، هەروەها سزای ماددیشی بۆ بڕایەوە.
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار