تۆم باراک لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا لە ئەنقەرە لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە تۆم باراک رایگەیاندووە، کار بۆ "یەکگرتن"ی هەسەدە و سوپای سووریا دەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی 16-01-2026، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا پێشوازی لە تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە و نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری سووریا کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەلچوک بایراکتارئۆغڵو، سوپاسالاری تورکیاش لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بووە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی نێوەڕۆکی گفتوگۆکان و ئەنجامی کۆبوونەوەکە بڵاونەکراوەتەوە.
ئەم دیدارە هاوکاتە لەگەڵ پەیامێکی تۆم باراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) کە رایگەیاندبوو: "ئەمریکا شەو و رۆژ کار دەکات بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و رێگریکردن لە زیادبوونی گرژییەکان لە سووریا."
نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا ئاشکراشی کردبوو، کار دەکەن بۆ "گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکانی یەکگرتن لە نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)."
هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەکاتێکدان، سوپای سووریا هێزی زیاتری لە نزیک ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، بەتایبەت لە دێر حافر و مەسکەنە کۆکردووەتەوە؛ هەسەدەش چەند جارێک هۆشداری لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی داوە.