شاندی ئۆکراینا و رووسیا لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ کۆدەبنەوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا کە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شەڕی نێوان هەردوو لا چوونە ئیستەنبووڵ، بەڵام پێکەوە دانەنیشتن.
 
لەدوای ئەوەی سەردانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ ئیستەنبووڵ هەڵوەشایەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رووی کردە ئەنقەرە و لەگەڵ ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
 
شاندی رووسیا تا ئێوارە لەو شوێنەی بۆ کۆبوونەوەکە دیاریکرابوو چاوەڕێی شاندی ئۆکراینای کرد، بەڵام ئۆکراینییەکان نەچوون و کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا.
 
شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا هێشتا لە ئیستەنبووڵن و بڕیارە ئەمڕۆ کۆببنەوە.
 
جیهان گونیەل، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە رووداوی گوت: "هەرکاتێک لایەنەکانی شەڕ لە یەکتر نزیکبوونەوە، دەرگایەکی گفتوگۆ دەکرێتەوە و رێگەیەکیش بۆ ئاگربەست و راگرتنی شەڕ لەنێوانیاندا دەکرێتەوە. ئەو دیدارانە دەبنە بنەمایەک بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی و راگرتنی شەڕ. هەر لەبەرئەوەش، ئەو دیدارەی (کۆبوونەوەیەی) کە لە ئیستەنبووڵ ئەنجام دەدرێت، بەلای منەوە گرنگە."
 
 
تۆڵگا ساکمان، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش رایگەیاند: "پووتین بە لێدوانێکی نیوەشەو ئاماژەی بە ئیستەنبووڵ کردبوو. مەبەستی ئەوەبوو کە پێش هەموو کەسێک ئەمریکا ئاگاداری بانگەوازەکەی بێت. چونکە ئەو پرۆسەیە بەبێ ئەمریکا بەڕێوەناچێت. پووتین ئەمەی لە سەرەتاوە گوتبوو. پووتین نایەوێت زیلینسکی وەک موخاتەب (لایەنی بەرانبەر) قبووڵ بکات."
 
دەشڵێت: "لەلایەکی دیکەوە پووتین گوتبووی، لەسەر ئەو مێزەی کە ترەمپ لێی نەبێت، ئەویش دانانیشێت. ئەمڕۆ ئەم پرۆسەیەی کە لێرە دەستیپێکردووە، پرۆسەیەکی تەکنیکییە. ئەگەر ئەم کۆبوونەوانە بگۆڕدرێن بۆ دەرفەتێک (ئەگەرێک) بۆ ئاشتی، ئەوا ترەمپ، پوتین و زێلێنسکی پێکەوە دادەنیشن."