ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: بە ویستی خودا بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ دەبین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دڵی دژبەرانی پرۆسەی چارەسەری خۆش ناکەن و گوتیشی "ئاکاممان خێر دەبێت و بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ دەبین".
رۆژی شەممە، 16ـی ئایاری 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کاتی گەڕانەوەی لە کازاخستان، دوای بەشداریکردنی لە شەشەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکاریی ستراتیجی و لووتکەی نافەرمیی رێکخراوی دەوڵەتانی تورک (TDT)، لەناو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
یەکێک لەو تەوەرانەی ئەردۆغان باسی کرد، پرۆسەی چارەسەری بوو و گوتی:" ئەمە ناوی ئامانجێکە بۆ پتەوکردنی یەکێتی، تەبایی و برایەتیی هەمیشەیی لە نێوان 86 ملیۆن هاووڵاتیی تورکیا. ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هەنگاوی پتەو، پێداگرانە و بوێرانە دەنێین".
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا مەودایەکی باشیان بڕیوە و رووبەڕووی چەندین ئاستەنگیی ئاشکرا و نهێنی بوونەتەوە و گوتی:"بۆ نموونە هێرشەکەی سەر توساش، سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە رێگەی خۆماندا پاشەکشەمان نەکردووە. کۆمیسیۆنی پەرلەمانمان نەخشەڕێگەیەکی لەسەر بنەمای تەبایی خستووەتەڕوو. پێویستە بە دیدگەیەکی بونیاتنەرانە و چارەسەرخوازانە ئەو نەخشەڕێگەیە جێبەجێ بکرێت."
ئەم گوتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدان کە بەرپرسانی حکومەت و ئاکپارتی لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەیان وەکو مەرج بەبیرهێناوەتەوە.
لەمبارەیەوە ئەردۆغان گوتی: "دەزگای هەواڵگریمان کار دەکات بۆ ئەوەی پرۆسەی چەکدانان خێرا بێت. راستییەک هەیە، لە رۆژی یەکەمەوە چۆن کەسانێک هەن نزا و هەوڵ بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەدەن، ئاوهاش کەسانێک هەن کە پێی بێزارن. ئێمە سوورین و ئەوانە دڵخۆش ناکەین کە 'تورکیای بێ تیرۆر'یان ناوێت. بە ویستی خودا ئاکامەکەمان خێر دەبێت و بەسەر هەموو کۆسپەکاندا زاڵ دەبین."
پرۆسەی چارەسەری رۆژی 1-10-2024بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد.
رۆژی 27-2-2025 ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. لەسەر ئەو بانگەوازە رۆژی 12-5-2025 پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
11-7-2025، گرووپێک گەریلا کە 30 کەس بوون، لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبوولی چەکیان سووتاند.
دواتر (کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18-02-2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد.