شێف بوراک بۆ رووداو: لە سایەی کوردێکەوە لەگەڵ باوکم ئاشتبووینەوە
رووداو دیجیتاڵ
شێف بوراک، چێشتلێنەر و شێفی بەنێوبانگی تورکیا، دوای سێ مانگ لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ باوکی، بەرلەوەی بچنە دادگە، لەلایەن بازرگانێکی خەڵکی باشووری کوردستانەوە پێکهێنرانەوە و بڕیاریاندا کێشەکانیان لە دەرەوەی دادگە چارەسەر بکەن. شێف بوراک، لە رێگەی رووداوەوە سوپاسی ئەو بازرگانە کوردە دەکات و دەڵێت "هیچ کێشەیەک لەنێوان خۆی و باوکیدا نەماوە."
رزگار حەسەن تەییب، کە بە رزگار ساک، ناسراوە و بازرگانێکی خەڵکی زاخۆی باشووری کوردستانە، ئەرکی پێکهێنانەوەی ئەو کوڕ و باوکەی گرتە ئەستۆ و، ئەوانیش بڕیاریاندا ئاشتببنەوە و کۆتایی بە کێشەکانیان بهێنن.
شێف بوراک، دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دروستکردنی خواردن و شیرینی لە سۆشیاڵ میدیا، ناوبانگێکی زۆری لەسەر ئاستی تورکیا و جیهان پەیداکرد، سێ مانگ بەرلەئێستا لەگەڵ باوکی کێشە کەوتە نێوانیان و محەممەد بوراک ئۆزدەمیر (شێف بوراک) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، لە بازرگانیدا باوکی هەڵیخەڵاتاندووە و موڵک و ماڵەکەی بەناوی خۆیەوە کردووە، بەڵام رزگار ساک، بازرگانی خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە باشووری کوردستان چووە نێوانیانەوە و پەیوەندییەکانیانی ئاسایی کردەوە.
چوارشەممە 16-08-2023 رزگار ساک قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی لەگەڵ شێف بوراک چەند پرۆژەیەکی هاوبەشیان هەیە، لەبەرئەوەش چووەتە نێو کێشەکەیانەوە بۆ چارەسەرکردن و ئاشتی کردوونەتەوە.
رزگار ساک ئاماژەی بەوەکرد، پێش سێ مانگ، کێشە کەوتە نێوان بوراک و باوکی "هەندێ کاری بازرگانی هاوبەشیان هەیە، بەڵام لەسەر هەندێ خاڵ ناکۆکییان هەبوو، بەتایبەتی دوای بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان، کە بووە سەرەتای قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانیان."
ئەو بازرگانە کوردە دەڵێت "ناکۆکییەکانی نێوان شێف بوراک و باوکی گەیشتبووە دادگە و هەردوولا دژی یەکدی سکاڵایان تۆمارکردبوو "ئێمە لە دوبەی کاری هاوبەشمان هەیە، هەروەها لە چەند وڵاتێکی دیکەش کاردەکەین، بەباشمان زانی دەستوەردان لە کێشەکەدا بکەین و چووم بۆ ئیستەنبووڵ و لەگەڵ هەردوولا دەستم بە گوتوبێژ کرد و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکانی نێوانیانم دا، سوپا بۆ خوا گەیشتینە قۆناخێکی باش و ئاشتبوونەوە. سوپاس بۆ خوا کە ئێستا ناکۆکیی بازرگانی و ناکۆکی دیکەش لەنێوان باوک و کوڕدا نەماون و بە دڵخۆشییەوە ئەوە رادەگەیێنین."
هەر لەوبارەوە، شێف بوراک خۆی قسەی بۆ رووداو کرد و سوپاسی ئەو بازرگانە کوردەی کرد کە ناکۆکییەکانی بۆ چارەسەرکردوون.
شێف بوراک لە قسەکانیدا بۆ رووداو گوتی سەرەڕای ئەوەی ئەوان باوک و کوڕن، بەڵام لە بازرگانیشدا هاوبەشن، لە بازرگانیدا رووبەڕووی کێشە و ناکۆکیی بوونەتەوە، بەڵام لە سایەی رزگار حەسەنەوە، ئاشتبوونەتەوە.
بابەتەکە لە میدیای ناوچەکەدا دەنگی داوەتەوە و لەو بارەوە رزگار حەسەن بە رووداوی گوت، "ماوەی 20 رۆژ لە هەوڵدابووم بۆ ئەوەی لە یەکدییان نزیک بکەمەوە؛ دواجار لە هۆتێلێکدا ئاشتمکردنەوە. لەو کاتەدا گرووپێکی یەمەنی هاتنە ئەو هۆتێلە و وێنەیان لەگەڵ گرتن."
بازرگانە زاخۆییەکە هەروەها گوتی، لە نێوەڕاستی مانگی داهاتوودا لە ئیستەنبووڵ رێوڕەسمێک هەیە و لەوێ لەگەڵ شێف بوراک و باوکی بەشدار دەبن و روونکردنەوەی زیاتریش دەدەن.
رزگار حەسەن، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی (Dives)ـە و لە چەندین کاری بازرگانیدا هاوبەشی براندی (CZN)ی بوراکە.
چی روویدابوو؟
نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر شێف بوراک رایگەیاند، باوکی فێڵی لێکردووە و دەیەوێت رێگری لە بەرەوپێشچوونی بکات؛ باسی لەوە دەکرد دوای ئەوەی بەڵێنیداوە هاوکاری زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە بکات، باوکی رێگری لێکردووە. ئەو کاتە باوکی شێف بوراک کوڕەکەی لە تەواوی سەروەتەکەی بێبەش کرد. هەربۆیە بوراک بڕیاریدا ئۆتۆمبیلەکانی بفرۆشێت و خواردنگەیەکی نوێ بکاتەوە. باوکیشی دەستی کرد بە فرۆشتنی ناوی براندەکەیان. ئێستا چەندین خواردنگە بە تابلۆی شێف بوراک CZN خواردن پێشکێش دەکەن. شێف بوراک سکاڵای یاسایی دژی باوکی تۆمارکرد و دۆسیەکەیان گەیشتە دادگە. بوراک رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو دەکردەوە و باسی لەوە دەکرد کە باوکی ستەمی لێکردووە.
لە بەرامبەردا ئیسماعیل ئۆزدەمیر کە باوکی شێف بوراکە رایگەیاند، "بە هیچ شێوەیەک فێڵم نەکردووە و هاوکارییە مرۆییەکانی کوڕەکەم تەنیا بۆ ریکلام بوون. کوڕەکەم دایکی لە دژی من بەکاردەهێنێت و دەیەوێت لە منی بکاتە دوژمن."
بنەماڵەی شێف بوراک خەڵکی شاری هاتای باشووری تورکیان. لەکاتی بوومەلەرزەکەی شوباتی ئەمساڵدا شێف بوراک کۆمەک و هاوکاریی زۆری لێقەوماوانی کرد.
رزگار حەسەن تەیب کێیە؟
- بازرگانێکی کوردە و خەڵکی زاخۆیە.
- رۆژی 20-10-1976 دایکبووە.
- خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی دایڤزە.
- لە خۆراک، وەرزش و چەند کەرتێکی دیکەدا بازرگانی دەکات.
- لە هەولێر، دوبەی، ئیستەنبووڵ، دەوحە و زۆر شوێنی دیکە بازرگانی دەکات.
- باوکی سێ منداڵە.