کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەریی پەرلەمانی تورکیا گوێ لە ژنان و گەنجان دەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لە 15ـیەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیدا، بەرپرسان و ئەندامانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە نوێنەری گەنجان و ژنانن، گوێیان لێ گیراوە.
کۆمسیۆنەکە کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، رۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2025 بە سەرۆکایەتیی نوعمان کوتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، 15ـەمین کۆبوونەوەی خۆی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسان و ئەندامانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ژنان و گەنجان گوێیان لێ گیرا و تێڕوانین و پێشنیازەکانی خۆیان لەبارەی پرۆسەکەوە لەگەڵ کۆمسیۆنەکەدا بەش کرد.
بە گوێرەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، لە بەشی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ساڵح تورهان، سەرۆکی کۆمەڵەی گەنجانی ئەنادۆڵ، ئەلوان کوزوجو خدیر، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی وەقفی تیمی تەکنەلۆژیای تورکیا، بەرپرسانی کۆمەڵەی دامەزرێنەرانی ئاشتی گەنجان باران یەڵچینکایا و رۆنا شەناڵ، توبا ئارسڵان و ئیسماعیل حەقی کاراگوزەل، یاریدەدەرانی سەرۆکی بنەماڵەی گەنجانی تورکیا، حەسەن ئۆغوزهان ئایتاچ هاوئاهەنگیکاری گشتیی فورومی رێکخراوەکانی گەنجان و تەحسین بەشاری سەرۆکی یەکێتیی خوێندکارانی نەتەوەیی تورک قسەیان کردووە.
هەروەها لە بەشی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، تولین تەزەل ئۆزتەمەل ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی پەروەردە، رۆشنبیری و پشتیوانیی حەوزەی هازار، فەریدە ئەراڵپ و رووشەن سەیدائۆغڵو، نوێنەرانی دەستپێشخەریی ژنانی 'پێویستیم بە ئاشتییە'، نیلوفەر بولوت، سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی کارسازانی تورکیا، شەناڵ ساریهان، سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی 29ی تشرین و جانان ساری سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی ژن و دیموکراسی، تێڕوانین و پێشنیازەکانی خۆیان خستووەتەڕوو.
تاوەکو ئێستا گوێ لە 128 نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرکردەکانی رای گشتی گیراوە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، "سەرۆکەکەی ئێمە نوعمان کورتوڵموش، جەختی لەوە کردەوە، هەر کەسێک بانگهێشت کراوە، بیر و پێشنیازەکانی بە روونی لە کۆمسیۆندا خستووەتە روو. هەروەها روونی کردەوە کە هەر بابەتێک لەم کۆبوونەوانەدا پێشنیاز کرابێت، بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و لە راپۆرتی کۆمسیۆندا جێگەی دەبێتەوە."
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا باسی سەردانەکەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ ئامەدی باکووری کوردستان کرد و رایگەیاند: "سەرۆکەکەی ئێمە، نوعمان کورتوڵموش، زانیاریی لەبارەی سەردانەکەی رۆژی هەینی 17ی تشرینی یەکەم بۆ ئامەدیش دا و روونی کردەوە کە ئەم سەردانە کۆبوونەوەی کۆمسیۆن نییە، بەڵکو وەکو سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ خەڵکی ئامەد، خوێندکاران و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆدەبێتەوە. سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جارێکی دیکە ئەندامانی کۆمیسیۆن و ئەندامانی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کە دەیانەوێت بەشداریی ئەم سەردانە بن، بانگهێشت کرد".