سرری ساکک بۆ ئیی پارتی: بۆچی رێز لە هەموو ئاڵاکان دەگرن و کاردانەوەتان بەرامبەر ئاڵای باشووری کوردستان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
سرری ساکک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رۆژی دووشەممە 15-12-2025 لە پەرلەمان بەرپەرچی فراکسیۆنی ئیی پارتیی دایەوە و لەسەر ئاڵای کوردستان هاتەدەنگ.
بابەتی چوونی پاسەوانانی سەرۆک بارزانی بۆ جزیری باکووری کوردستان و دەرکەوتنیان بە ئاڵای کوردستان و چەکەوە، بووەتە هۆی کاردانەوەی بەشێک لە پەرلەمانتاران، بەتایبەتیش ئیی پارتی.
سرری ساکک رووی دەمی لە پەرلەمانتارانی ئیی پارتی کرد و گوتی: "بۆچی سووکایەتی بە بەهاکانی کورد دەکەن؟ بۆچی رێز لە هەموو ئاڵاکان دەگرن، بەڵام بۆچی کاردانەوە بەرامبەر ئاڵاکەی باشووری کوردستان نیشاندەدەن؟ ئیدی نەژادپەرستی و فاشیزم ئەمەیە."
بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئیی پارتی دەڵێن، دەرکەوتنی پاسەوانانی سەرۆک بارزانی بەوجۆرە پێشێلکردنی سەروەریی تورکیایە. سرری ساکک ئەمەی رەتکردەوە و گوتی: "ئێوە باسی مافی سەروەری دەکەن. سەیرکەن ئێرە باشووری کوردستانە. باڵیۆزی تورکیا لەوێ بە چەکی لوولە درێژەوە دەسوڕێتەوە. ئەمە دەبینن؟ ئایا ئێوە مافی سەروەریتان هەیە و خەڵکی باشووری کوردستان مافی سەروەرییان نییە؟... ئێوە بە تانک و تۆپەکانتانەوە لە باشووری کوردستانن".
یەکێک لە پەرلەمانتارانی ئیی پارتی بە دەنگی بەرزەوە گوتی: "ئەگەر ئەوێ باشووری کوردستانە، باشە ئەی باکووری کوردستان کوێیە؟"
سرری ساکک وەڵامی دایەوە و گوتی:"ئەویشت نیشاندەدەم. پێت نیشاندەدەم ئەوێ کوێیە".
چی روویدابوو؟
رۆژی 29-11-2025، سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی لە شارۆچکەی جزیری سەر بە پارێزگای شرنەخ بەڕێوەچوو.
خەڵکی جزیر و باکووری کوردستان پێشوازییەکی گەرمیان لە سەرۆک بارزانی کرد و گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بە سروود و گۆرانیی کوردانە بڵاوکرانەوە.
ئەم دیمەنانە و گرتەی ڤیدیۆیی پاسەوانانی سەرۆک بارزانی بە چەک و ئاڵای کوردستان کە لە سەر قۆڵیان بوو، کاردانەوەی بەشێکی تورکە نەتەوەپەرستەکانی لێکەوتەوە.