هاوسەرۆکی دەم پارتی لە وەڵامی هاکان فیدان: عێراق هاوشێوەی لیبیا و سووریا نییە
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی وەڵامی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی عێراق دەداتەوە و دەڵێ، ئەو وڵاتە لە سووریا و لیبیا ناچێت.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی وەڵامی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای دایەوە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتی: "دوای تەواوبوونی سووریا، نۆرەی عێراق دێت" و ئاماژەی بەوەش کرد، پرسی بوونی پەکەکە لە عێراق وەک تەوەرێکی نوێ دەبێتە رۆژەڤ.
تونجەر باکرهان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا باسی پرۆسە و سیاسەتی دەرەوەی تورکیای کرد؛ هەروەها سەرنجی خستە سەر جموجووڵی سەربازی و سیاسەتی ئەنقەرە.
باکرهان راستەوخۆ وەڵامی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای دایەوە و رایگەیاند: "ئاگاداری دەکەینەوە! عێراق هاوشێوەی لیبیا و سووریا نییە. جووڵە لە عێراق، کاریگەری لەسەر پانتاییەکی فراوان لە سووریاوە تاوەکو ئێران و لە یەمەنەوە تاوەکو لوبنان دەبێت. ئەی باشە لە کەشێکی وەهادا تورکیا دەبێ چ هەڵوێستێکی هەبێت؟ پێویستە تورکیا لەو سیناریۆیانە دوور بکەوێتەوە کە درز لە بابەتە نەتەوەیی و ئایینییەکان دروست دەکەن".
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها گوتی: "بە روونی لە بەڕێز فیدان دەپرسین: ئایا دەتانەوێ لە شنگال، مەخموور و هەرێمی کوردستانی فیدراڵدا حیسابی نوێ بخەنە کار؟ ئەگەر وابێت، ئەم هەنگاوە بەرامبەر پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی 86 ملیۆن کەس، گەورەترین هەڵە دەبێت. بە پێچەوانەوە، ئەوەی پێویستە بکرێت، دروستکردنی هاوپەیمانیی ستراتیجی و مێژووییە لەگەڵ کورد. لەمبارەیەوە پێشنیازێکی کۆنکرێتیمان هەیە. ئێمە لە بەرامبەر هاندانی داگیرکاری و پلانی جەنگ، پێشنیازی 'یەکێتیی دیموکراسیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست' دەکەین".
باکرهان هەروەها گوتی: "27 ساڵە لە دوورگەی ئیمراڵی ویستێک بۆ چارەسەرکردن هەیە" و ئاماژەی بەوەشکرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێگەی هەوڵەکانییەوە رێگەی نەدا شەڕ لەنێوان کورد و عەرەب هەڵگیرسێ.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی 9ـی شوباتی 2026 لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لە بوونی پەکەکە لە عێراق، مەخموور، شنگال و قەندیل کرد و گوتی، "ئەم کارە لایەکی عێراقیشی هەیە. دوای ئەوەی لای سووریا تەواو دەبێت، لای عێراق هەیە. پشتیوان بە خودا لە عێراق وانە لەوەی ئێرە وەردەگرن و بڕیارێکی ژیرانەتر دەدەن و گواستنەوەکە لەوێ ئاسانتر دەبێت".
ئەم گوتانەی فیدان کاردانەوەی بەشێک لە بەرپرسانی عێراقی لێکەوتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی 11-2-2026 رەتیکردەوە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دەستوەردان بێت لە کاروباری نێوخۆی عێراق و رایگەیاند، هەندێک دەزگای میدیایی عێراقی لێدوانەکانیان شێواندووە.