ژنێکی بەریتانی لە تورکیا دەستبەسەردەکرێت
رووداو- ئەنقەرە
بەرپرسێکی حکومەتی تورکیا رایگەیاند، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە ژنێکی تەمەن 21 ساڵی بەریتانییان دەستبەسەرکردووە، کە بە گوێرەی وێنە و ژمارەكانی سەر مۆبایلەکەی، گوماندەکرێت بە نیازی چوونە ناو ریزەکانی داعش بووبێت لە سووریا.
ئەو ژنە کە بە "جەی ئێن ئێچ" ناوی هێنراوە، لە وێستگەیەکی پاس لە ئەنقەرە دەستبەسەرکراوە و ئێستاش چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکانی پێش دیپۆرتکردنەوە دەکات.
ئەمە یەکەمین جار نییە کە ژنانی بەریتانیا پەیوەندی بە ریزەکانی داعش دەکەن. سێ کچی دیکەی بەریتانی، سەرەتای مانگی شوبات لە رێگەی تورکیاوە چووبوونە ناو سووریا.
ئەم مەسەلەیە کێشەیەکی زۆری بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا و بەریتانیا دروستکرد. حکومەتی بەریتانیا تورکیای بەوە تۆمەتباردەکرد، لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی زۆر شلگیرە. هەرچی دەسەڵاتدارانی تورکیاشن، بەریتانیا بەوە تۆمەتباردەکەن کە لە کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەکانیدا وردنەبووە.
رۆژی 14ی ئاداریش، دوو کوڕی نەوجەوانی دیکەی بەریتانی لە هەوڵدابوون بۆ ئەوەی لە رێگەی تورکیاوە بگەنە سووریا و لەلایەن پۆلیسی تورکیا دەستگیرکران و دیپۆرتی بەریتانیا کرانەوە. لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایانکرد، ئەم دوو کوڕە نەوجەوانە، لە لایەن کوڕێکی دیکەی 19 ساڵان یارمەتیدرابوون بۆ ئەوەی گەشتەکەیان رێکبخەن.