وەزیری دادی تورکیا دەڵێ، رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرۆکی جەهەپە دەگرێتەبەر
رووداو دیجیتاڵ
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا دەڵێ، رێکاری یاسایی دژی سەرۆکی جەهەپە دەگرێتەبەر.
دوای ئەوەی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە هەندێک قسەی لەبارەی ماڵ و سامانی وەزیری دادی تورکیا بڵاوکردەوە، ئەو بابەتە لە تورکیادا بووەتە رۆژەڤ.
وەزیری دادی تورکیا گوتی: "ئەو لێدوانانەی ئەمڕۆ ئۆزگور ئۆزەل لەبارەی من بڵاویکردنەوە، پشت بە هیچ بەڵگەیەک نابەستن و تەنیا هەوڵێکی چەواشەکارانەی ئاشکران بۆ سەرنجی رای گشتی. بەرامبەر ئەم تۆمەتانە دەستبەجێ رێکاری یاسایی دەگرمەبەر، بەتایبەت بۆ داوای قەرەبووی مەعنەوی."
گورلەک رایگەیاند: "زیاتر لە 20 ساڵە لە پلە جیاوازەکاندا خزمەت بە دەوڵەتەکەم دەکەم. لەگەڵ هاوژینەکەم کە ئەویش دادوەرە، بەگوێرەی یاسا و رێساکان بەردەوام راپۆرتی دارایی و سامانی خۆمان پێشکێشی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە".
بە گوتەی وەزیری دادی تورکیا، ئەو کاخەزانەی دراونەتە ئۆزگور ئۆزەل، لە تۆمارەکانی تاپۆدا هیچ پێشینەیەکیان نییە و تەنیا بۆ مەبەستی چەواشەکردنی خەڵک بڵاوکراونەتەوە.
هەروەها دەڵێ:"لەبەر ئەوەی لە کاتی کارکردنمدا وەک دادوەر، رووبەڕووی تیرۆر و گرووپە تاوانکارییەکان بوومەتەوە، بەم شێوەیە و ناپەرسیارانە دەکرێمە ئامانج، کە ئەمەش بەشێکە لە هەڵمەتێکی سیستماتیکی ناوزڕاندن".
گورلەک بە پێویستی زانی ئەوانەی دەڵێن بەڵگەیان لایە، بڕۆنە دادگە نەوەک لە سەکۆ سیاسییەکانەوە ئەو زانیاری و بانگەشانە بڵاوبکەنەوە.
ئۆزگور ئۆزەل سێشەممە 17-3-2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای گشتیی پارتەکەی گوتی، ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا "بایی 452 ملیۆن لیرە (نزیکەی 13 ملیۆن دۆلار) موڵک و ماڵی هەیە".
ئۆزەل گوتی، ئەگەر وەزیری دادی تورکیا "بۆ 19 ساڵ هەموو مووچەکانی بەرزترین پلەی وەزیفە لە تورکیا وەربگرێ و هیچیش خەرج نەکات، کۆی مووچەکەی دەگاتە 45 ملیۆن لیرە (نزیکەی 1.4 ملیۆن دۆلار) واتە بە مووچەی 19 ساڵ".