هاکان فیدان: ناوچەکەمان چی دیکە بەرگەی جەنگ، داگیرکاری، تیرۆر و شەڕی نێوخۆیی ناگرێ
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە گوتەیەکدا لە پێنجەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا رایگەیاند، چی دیکە ناوچەکە بەرگەی جەنگ، داگیرکاری، تیرۆر و شەڕی نێوخۆیی ناگرێ.
بەشێک لە گوتارەکەی فیدان تایبەت بە پشێوی و قەیرانی ناوچەکە بوو و گوتی: "ناوچەکەمان چی دیکە بەرگەی جەنگ، داگیرکاری، تیرۆر و شەڕە نێوخۆییەکان ناگرێ. ئێمە وەکو وڵاتانی ناوچەکە، لەسەرمانە ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی بە دیدگەیەکی خاوەنداری بۆ ناوچەکە پیادە بکەین. ئەم دیدگەیەمان بە دیالۆگێکی هەمیشەیی و بە رێزگرتن لە سەربەخۆیی، یەکێتیی خاک و سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە دێتەدی. پێویستە فرەچەشنیی نەژاد، کولتوور و مەزهەب بە هۆکاری یەکگرتن ببینین، نەک جیاکاری".
هاکان فیدان گوتی، تەواوی جیهان و بەتایبەتیش وڵاتانی ناوچەکە، وانەی مێژوویی لەم شەڕە وەردەگرن، بەڵام لەم کاتەدا ئەرکی یەکەم و بەپەلە کوژاندنەوەی ئاگری جەنگە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا دیپلۆماسیی بە ویستی راگرتنی ئاگر بەر لە تەشەنەسەندن ناوبرد و رایگەیاند، توانای چاککردنەوەی پەیوەندییە پچڕاوەکانە لەڕێی ئارامگرتن و بوێریی لەنێوبردنی دووژمنایەتی.
وەزیری دەرەوەی تورکیا دوو پایەی سەرەکیی بۆ دیدگەی تورکیای خستەڕوو کە یەکەمیان چاکسازیی دامەزراوەییە لەسەر ئاستی جیهان و دووەمیشیان هەنگاوی ستراتیجی بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.
کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا ساڵانە بە بەشداریی سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان، کەسانی ئەکادیمی، بیرمەند لە ئاستی نێودەوڵەتی لە شاری ئەنتاڵیای تورکیادا بەڕێوەدەچێت.
ئەو کۆڕبەندە لە ساڵی 2021ــەوە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بەڕێوەدەبرێ.