ئەردۆغان رێگەی گەشەپێدان وەک جێگرەوەی تەنگەی هورمز ناودەبات


رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا تەنگەی هورمز بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بۆ زیاتر لە 40 رۆژ داخرا، سەرۆککۆماری تورکیا پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانی وەکو جێگرەوە ناوبرد و وڵاتانی کەنداوی بانگهێشتی هاوئاهەنگی کرد.
 
رۆژی هەینی، 17ـی نیسانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیادا گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا باسی داخستنی تەنگەی هورمزی لە 28ی شوباتەوە کرد و گوتی: "هەڵوێستی ئێمە لەبارەی رێڕەوی هورمز کە گرژییەکەی زیاتر کردووە، روونە. ئەگەر لایەکی هورمز ئێران بێت، لایەکەی دیکەی عومانە. نابێت تێپەڕینی وڵاتانی کەنداو بە دەریا کراوەکاندا سنووردار بکرێ".
 
ئەردۆغان گوتی: "دەبینین جەنگ وایکردووە وڵاتانی دراوسێ بۆ گەیاندنی سەرچاوەکانی وزەیان بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، بە خێرایی زیاترەوە بەدوای جێگرەوەدا بگەڕێن. ئێمە وەک تورکیا لە بوارەکانی وزە و پەیوەندیدا لەڕێی دیدگە و پرۆژەی وەکو رێگەی گەشەپێدان، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا ئامادەی هاوئاهەنگین و دەمەوێ ئەمە بزانرێ". 
 
رێگەی گەشەپێدان، پڕۆژەیەکی هێڵی ئاسنین و رێگەی خێرایە و بەگوێرەی پلانەکان، 1200 کیلۆمەتر درێژییەکەیەتی و ئامانجییەتی بەندەری فاو لە بەسرە لە رێی تورکیاوە بە ئەورووپاوە ببەستێتەوە. 
 
ئەو پڕۆژەیە کە بە هاوکاریی عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات جێبەجێ دەکرێ، کورتترین رێڕەوی بازرگانیی نێوان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپایە.
 
بەگوێرەی ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا، لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا 90 لەنگەرگە بۆ لەنگەرکردنی کەشتی لە بەندەری فاو دروست دەکرێن.
 
بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کات و تێچووە بازرگانییەکان کەم دەکاتەوە، ئەویش بە کورتکردنەوەی مەودای نێوان چین و ئەورووپا، بەراورد بە رێگە دەریاییەکانی دیکە و بەتایبەتیش ئەو کەشتییانەی بە نۆکەندی سوێسدا تێدەپەڕن.
 
تورکیا پشتگیری لەم پرۆژەیە دەکات و هاوکات بەرپرسانی باڵای ئەنقەرە چەند جارێک رایانگەیاندووە کە لەگەڵ عێراق، ئیمارات و قەتەر لە دیدار و کۆبوونەوەی چڕدان.