پارێزگاری پێشووی دێرسم لەسەر بێسەروشوێنبوونی گولستان لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی پێشهاتە نوێیەکانی دۆسیەی گولستان دۆکو، ئەو کچە کوردەی لە ساڵی 2020ـەوە بێسەروشوێنە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاریدا لێکۆڵینەوە لەگەڵ تونجای سۆنەل، پارێزگاری پێشووی دێرسیم دەستپێبکات، ئەوەش بەهۆی هەبوونی گومان و تۆمەت لەسەر شاردنەوەی زانیارییەکانی پەیوەست بەو رووداوە.
ئەمڕۆ هەینی، 17ـی نیسانی 2026، بە فەرمانی مستەفا چفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی لە بەرامبەر تونجای سۆنەل دەستیپێکرد. وەزارەتەکە پشکنەرێکی تایبەتی بۆ وردبینی لەو تۆمەتانە راسپاردووە کە ئاراستەی پارێزگاری پێشوو کراون، کە ئێستا لەنێو وەزارەتی ناوخۆدا کاردەکات.
سۆنەل تۆمەتبار دەکرێت بەوەی لەو کاتەی پارێزگاری دێرسیم بووە، بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵی "شاردنەوەی راستییەکانی رووداوەکە" یان رێگریکردنی لە رێڕۆی دادپەروەری داوە.
دایکی گولستان: تاوەکو ئێسکی کچەکەم وەرنەگرمەوە ناجووڵێم
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، بەدریە دۆکو، دایکی گولستان دۆکو لەبەردەم دادگەی دێرسیم داوای فراوانکردنی لێکۆڵینەوەکانی کرد. دایکی گولستان رایگەیاند: "هەموو شتێک کوڕەکەی [گومانلێکراوی سەرەکی] کردوویەتی، بەڵام ئەوان کوڕەکەیان بۆ پشوو ناردووە."
بەدریە دۆکو، کۆڵ نادات و دەڵێت: "تاوەکو ئێسکی کچەکەم وەرنەگرمەوە، لێرە ناجووڵێم."
گولستان دۆکو، کچە کوردێکی خەڵکی ئامەد بوو و لە زانکۆی دێرسیم دەیخوێند. لە 5ـی کانوونی دووەمی 2020، کاتێک تەمەنی 21 ساڵ بوو، دوای دەرچوونی لە بەشی ناوخۆیی زانکۆکە بێسەروشوێن بوو و تاوەکو ئێستا هیچ سۆراخێکی نییە.
رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، دۆسیەکە وەرچەرخانێکی نوێی بەخۆیەوە بینی و لە حەوت پارێزگای تورکیادا 13 کەس دەستبەسەرکران. تائێستا دوو لە دەستبەسەرکراوەکان بە بڕیاری دادگە خراونەتە زیندانەوە و دووانی دیکەش بە مەرجی دادی ئازادکراون، لێکۆڵینەوەکانیش بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی گولستان بەردەوامن.