ئەردۆغان داوا دەکات ئاگربەستەکەی ئێران بکرێتە دەرفەتێک بۆ ئاشتیی هەمیشەیی
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، داوای لە لایەنەکانی جەنگی ئێران کرد کە ئەو ئاگربەستە دوو هەفتەییەی راگەیێندراوە، وەک دەرفەتێک بۆ چەسپاندنی ئاشتییەکی هەمیشەیی بەکاربهێنن؛ ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ میوانداریکردنی دانوستاندنەکانی ئۆکراینا دووپات کردەوە.
دیپلۆماسی رێگەی ئاشتییە
ئەردۆغان لە گوتاری کردنەوەی پێنجەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیادا رایگەیاند: "بڕوام وایە ئەو دەرفەتەی بەهۆی ئاگربەستەکەوە رەخساوە، دەبێت بە کاریگەرترین شێوە بۆ دەستخستنی ئاشتییەکی بەردەوام بەکاربهێندرێت."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "دیپلۆماسی و دیالۆگی بونیادنەر، کورتترین رێگەن بۆ گەیشتن بە ئاشتی" و نابێت رێگە بدرێ جارێکی دیکە چەک شوێنی گفتوگۆ بگرێتەوە.
تورکیا کە یەکێکە لە رەخنەگرە تووندەکانی ئیسرائیل، لەگەڵ میسر و پاکستان هەوڵێکی چڕیان داوە بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە. ئەردۆغان هۆشداری دا لەوەی کە پێویستە وریای هەوڵەکانی ئیسرائیل بن بۆ "تەقاندنەوە و تێکدانی پڕۆسەی دانوستاندنەکان."
تەنگەی هورمز و ئازادیی کەشتیوانی
سەبارەت بە تەنگەی هورمز، ئەردۆغان رایگەیاند، نابێت رێگری لە هاتووچۆی دەریایی لەو رێڕەوەدا بکرێت.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "لایەکی هورمز ئێرانە و لایەکەی دیکەی عومانە. نابێت مافی وڵاتانی کەنداو بۆ گەیشتن بە ئاوە ئازادەکان سنووردار بکرێ."
سەرۆککۆماری تورکیا داوای کرد جووڵەی کەشتیوانی لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان بپارێزرێ و رێڕەوەکە بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا بە کراوەیی بمێنێتەوە.
پرسی ئۆکراینا و سووریا
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ئەردۆغان باسی لە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا کرد و رایگەیاند، تورکیا ئامادەیە میوانداریی دانوستاندنەکان و لووتکەیەکی سەرکردەکان بکات بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا.
سەبارەت بە سووریا، ئەردۆغان ستایشی هەنگاوەکانی نوێی دەسەڵاتی سووریای کرد و گوتی، ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی دیمەشق و خەڵکی سووریا.
دیپلۆماسی بۆ قۆناخی داهاتوو
ئەردۆغان رایگەیاند کە پێویستە دیپلۆماسی تەنیا وەک ئامرازێک بۆ چارەسەری کێشەکان نەبینرێت، بەڵکو وەک پلاتفۆرمێک بێت بۆ داڕشتنی داهاتووی هاوبەشی مرۆڤایەتی.
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان گرت کە بەرامبەر قەیرانی مرۆیی غەززە بێدەسەڵات بوون و داوای چاکسازیی ریشەیی لە سیستمی بەڕێوەبردنی جیهانیدا کرد.
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە کۆتایی ئەم ساڵدا میوانداریی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنقەرە دەکات و شاری ئەنتاڵیاش دەبێتە میوانداری کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە کۆڕبەندی ئەم ساڵدا نوێنەری زیاتر لە 150 وڵات بەشدارن، لەوانەش 20 سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران، 15 جێگری سەرکردە، و زیاتر لە 50 وەزیر.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە سەرۆکە بەشداربووەکان کە بە فەرمی بانگهێشت کراوە و ئەمڕۆش لە یەکەمین رۆژی کۆڕبەندەکەدا چەندین کۆبوونەوەی هەبوو، لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا؛ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا؛ سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ هامیش فالکۆنەر، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژههڵاتی نێوهڕاست؛ ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن و لوئیجی دی مایۆ، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری کەنداو.