ئەردۆغان: سەردەمێک گەنجانی ئەم وڵاتەیان بەسەر کورد و تورک؛ عەلەوی و سونیدا دابەش کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا شەوی شەممە 16-05-2026 لە فێستیڤاڵێکی تایبەت بە گەنجان لە یاریگەی تورکاکۆجائەلی لە پارێزگای کۆجائەلی گوتارێکی پێشکێش کرد و رەخنەی تووندی لە دەسەڵاتەکانی پێش ئاکپارتی گرت.
 
سەرۆککۆماری تورکیا بەشی هەرەزۆری گوتارەکەی تایبەت بە گەنجان کرد و گوتی، "گەنجانی ئەم وڵاتەیان هەندێک جار بەسەر راستڕۆ و چەپڕۆ؛ هەندێک جار بەسەر کورد و تورک؛ یان سوننی و عەلەوی؛ یانیش پێشکەوتوو و دواکەوتوو دابەش کرد و کردیاننە دووژمنی یەکدی."
 
هەروەها گەڕایەوە بۆ سەردەمی پێش دەسەڵاتی ئاکپارتی (پێش 2002) و رەخنەی تووندی لەو کەشە ئەمنییە گرت کە دەسەڵاتەکانی پێشوو لە تورکیا دروستیان کردبوو.
 
ئەردۆغان رایگەیاند، هەر جارێک دووبەرەکی لەناو گەنجانی وڵاتەکەیدا هەبووبێت، ئەو وڵاتە شکستی هێناوە، "رۆژانێکمان بینی کە دایک و باوکەکان لەگەڵ هاتنی ئێوارە، دەستیان لەسەر دڵیان بوو و لە کەنار پەنجەرەوە بە دەست و نزاوە چاوەڕێی گەڕانەوەی رۆڵەکانیان بوون. رۆژانێکمان بینی مرۆڤەکان تەنیا بەهۆی سەرپۆش، ریش و پۆشاکەوە، مافی خوێندن و کاریان لێ زەوت دەکرا، بێبەش کران، ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کران و داهاتوویان تاریک کرا. ئێستا بە داخ و پەژارەوە یادی ئەو رۆژانە دەکەینەوە."
 
ئەردۆغان کە ساڵی 2002 وەکو پارتی سیاسی بەشداریی لە یەکەمین هەڵبژاردندا کرد و جڵەوی دەسەڵاتی گرتە دەست، رایگەیاند، وەکو ئاکپارتی، هەر لەو رۆژەوەی دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، لەپێناوی بەرزکردنی تورکیا کاریان کردووە.