تورکیا ئامادەکاری بۆ لووتکەی ناتۆ دەکات و شوێنێک بۆ وەرزشەکەی ماکرۆن دیاری دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
تورکیا خۆی بۆ میوانداریکردنی یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ لە ئەنقەرە ئامادە دەکات. لە تەنیشت ئامادەکارییە دیپلۆماسییەکان بۆ لووتکەکە، پرۆگرامی تایبەتی سەرکردەکان، لەوانەش دابینکردنی شوێن بۆ وەرزشی راکردنی ماکرۆن، بووەتە جێی بایەخی میدیاکان.
بڕیارە لوتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە 7 و 8ـی تەممووزی ئەمساڵ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت. ئەمە دووەم جارە تورکیا میوانداریی لووتکەیەکی لەو شێوەیە دەکات.
پێش لووتکە سەرەکییەکەی ئەنقەرە، بڕیارە لە 20 و 21ـی ئایاردا وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە شاری هێلسینگبۆگی سوید کۆببنەوە. لەوێ کارنامەی لووتکەکە، دروشمەکان و ناوی ئەو سەرکردانەی بانگهێشت دەکرێن، یەکلا دەکرێنەوە.
تورکیا دەیەوێت دروشمی "ناتۆیەکی بەتواناتر و بەهێزتر" بەرز بکاتەوە، لە کاتێکدا مارک رووتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ جەخت لەسەر "ئەورووپایەکی بەهێزتر لەناو ناتۆیەکی بەهێزدا" دەکاتەوە.
جگە لە سەرکردەی 32 وڵاتی ئەندام، چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی وەک ئۆکراینا، مۆڵدۆڤا و جۆرجیاش بانگهێشت بکرێن. هەروەها هاوبەشەکانی ناتۆ لە ئاسیا و دەوڵەتانی کەنداو لە لیستی ئامادەبوواندا دەبن.
یەکێک لە تەوەرە هەرە سەرنجڕاکێشەکان، بەشداریکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە. سەرەڕای رەخنەکانی ترەمپ لە ناتۆ، بەڵام سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی تورکیا پێشبینی دەکەن بەهۆی ئەوەی لووتکەکە لە ئەنقەرەیە، ترەمپ بەشداری بکات.
لە ناو ئامادەکارییە لۆجستییەکاندا، پرۆگرامی تایبەتی سەرکردەکانیش لەبەرچاو گیراوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کە بەوە ناسراوە لە سەردانەکانیدا وەرزشی راکردنی بەیانیان فەرامۆش ناکات، لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە ئەنقەرە خستووەتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاو.
ئێستا باس لەوە دەکرێت یەکێک لەم سێ شوێنە: "دۆڵی دیکمەن، پارکی بۆتانیک، یان دەوروبەری دەریاچەی ئەیمیر" بۆ راکردنەکەی ماکرۆن ئامادە بکرێن، تاوەکو لە کاتی مانەوەی لە ئەنقەرە وەرزشەکەی بکات.