ڤیدیۆ.. پاسێک لە ئیستەنبووڵ دەکەوێتە نێو دەریاوە
رووداو دیجیتاڵ
پاسێکی هێڵی گواستنەوەی تایبەت لە ئیستەنبووڵ بە هۆکارێکی نادیار کەوتە نێو دەریا، بەڵام هیچ سەرنشینێکی تێدا نەبوو.
رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-8-2023 لە ناوچەی ئەمینۆنو-ی ئیستەنبووڵ روویدا. پاسەکە لە کاتی وەستان بووە و هیچ شۆفێرێک و سەرنشینێکی تێدا نەبووە. لە شوێنی وەستانی خۆیدا بووە و کوژاوەتەوە. بە گوتەی ژمارەیەک شایەتحاڵ، کە لە کاتی رووداوەکەدا لەوێ بوون، پاسەکە لەناکاو جووڵەی کردووە و کەوتووەتە نێو دەریا.
تیمەکانی پۆلیس و بەرگریی شارستانیی ئیستەنبووڵ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد. بەشێک لە شۆفێران باس لەوە دەکەن کە شۆفێری ئەو پاسە برێکی رانەکێشاوە، بۆیە ئەوە روویداوە.
رەمەزان شاهین کە شۆفێری ئەو پاسەیە دەڵێت، "من پاسەکەم وەستاندبوو و هیچ کێشەی نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی بە تەواوی لێی دوورکەوتمەوە و ویستم بە ئۆتۆمبیل بڕۆم، بینیم پاسەکە دەستی بە جووڵە کرد و نەوەستا تاوەکو کەوتە نێو دەریا. راستییەکەی نازانم چی روویدا."
دوای چەند کاژێرێک تیمەکان پاسەکەیان لەڕێی کرێنەوە لەنێو دەریا دەرهێنا.