لە تورکیا کەمبوونەوەی تەمەنی 0-4 ساڵ ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد

رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمجار لە مێژووی کۆماری تورکیادا ژمارەی منداڵانی نێوان تەمەنی 0-4 ساڵ لە پێنج ملیۆن زیاتر دابەزی.
 
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (تویک)، ئەم ساڵ ژمارەی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان 0-4 ساڵدایە، 4 ملیۆن و 940 هەزارە و ئەمە کەمترین ژمارەیە لە مێژووی کۆماری تورکیادا.
 
بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارە لەکاتێکدایە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ماوەی رابردوو، بەتایبەتیش لەم دوو مانگەدا بەردەوام هۆشداری دەدات.
 
ئەردۆغان کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان و دابەزینی خێرایی منداڵبوون بە کارەسات و کابووس بۆ وڵاتەکەی ناودەبات.
 
ئەردۆغان لەمبارەیەوە دەڵێت، "دابەزینی خێرای رێژەی لەدایکبوون بۆ خوار 1.5 قۆناخێکی مەترسیدارە. ئەم دۆخە هیچ خێرێکی تێدا نییە. ئێمە لە قۆناخی 3 بووین و ئێستا بۆ خوار 1.5 دابەزیوین. لە کاتێکدا ئامانجی ئێمە زۆر جیاواز بوو، بەڵام لەم بابەتەدا ئێستا لە شوێنێکی باش نین." 
 
سەرۆککۆماری تورکیا رێنوێنیی بە ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی دا، بۆ ئەوەی لە بابەتی منداڵبووندا زیاتر هانی دایبابان بدات.
 
ئەردۆغان دەیەوێت لەو بابەتەدا کار و چالاکییەکان زیاتر بکرێن و دەڵێت، "لەگەڵ تەواوی زانکۆکاندا لە پەیوەندیدا بین و زیاتر لە جاران خەڵک هۆشیار بکرێنەوە."
 
حکومەتی تورکیا پاکێجی 'خێزان و ژمارەی دانیشتووان"ـی بۆ ماوەی 10 ساڵ راگەیاندووە، لەو چوارچێوەیەدا پشتگیریی مادی و مەعنەویی ئەو خێزانانە دەکات کە منداڵ دەخەنەوە.
   
هەر لە چوارچێوەی هاندانی حکومەت، رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاری دا ئەو دایک و باوکانەی فەرمانبەرن و منداڵ دەخەنەوە، لەو کاتەدا رێپێدانیان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی نیو دەوام بکەن.
 
بەگوێرەی راپۆرتی 31-12-2024ی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (تویک)، ژمارەی دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان 85 ملیۆن و 664 هەزار و 944 کەسە.