بوومەلەرزەکەی مانگی شوبات بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی هەناردەی دیلۆک


رووداو دیجیتاڵ 

دیلۆک یەکێکە لە شارە دێرینەکانی باکووری کوردستان و جیهان، بەهۆی بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتەوە هەناردەی کاڵا جۆراوجۆرەکان کە لەو شارە بەرهەمدەهێنرێت، کەمیکردووە، بەپێی ئامارێکیش، لەدوای بوومەلەرزەکەوە هەناردەی شارەکە بەڕێژەی 2.8% دابەزیوە.
 
عەدنان ئونڤێردی، سەرۆکی ژووری پیشەسازیی دیلۆک دەڵێت، "ساڵی 2022 ـمان بە بەهای 10 ملیار و 527 ملیۆن دۆلار هەناردە داخست، بۆ ساڵی 2023 ئامانجمان زیاتر لە 12 ملیار دۆلار بوو، بەڵام بەهۆی بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتەوە کەوتینە دۆخێکی پڕ لە کێشەوە."
 
بەشی زۆری بەرهەمی دیلۆک لە رێگەی بەندەری ئەسکەندەروونی تورکیاوە هەناردە دەکرا، بەڵام بوومەلەرزەکەی مانگی شوبات، ئەو بەندەری پەکخست.
 
لەبارەی بەندەرەکەوە، عەدنان ئونڤێردی، سەرۆکی ژووری پیشەسازیی دیلۆک، گوتی، "بەندەری ئەسکەندەروون بەهۆی [بوومەلەرزەکەوە کە بووە هۆی دروستبوونی ئاگرێکی گەورە] بە یەکجاری پەکی کەوت و ئیدی گوشاری زیاتر کەوتە سەر بەندەری مێرسین. هەرچیمان کرد نەمانتوانی دۆخەکە باشتر بکەین. ئێستا کۆمپانیاکانی هەناردەمان ناچارن ماوەی 15 تاکو 30 رۆژ چاوەڕێ بکەن تا کاڵاکانیان هەناردەی دەرەوە دەکەن."
 
بەگوێرەی ئاماری ژووری پیشەسازیی دیلۆک، ئەو پارێزگایە لە هەشت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا بە بەهای شەش ملیار و 589 ملیۆن دۆلار هەناردەی هەبووە. بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2022، هەناردەکە بە 2.8٪ دابەزیوە.