پەرلەمانی تورکیا شێوازی مۆرۆ بۆ پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی پەرلەمانیی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتیی تورکیا، رۆژی پێنجشەممە تاوتوێی ئەزموونی پرۆسەی ئاشتیی فیلیپین ناسراو بە پرۆسەی مۆرۆ دەکات. 
 
لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، لە پەرلەمانی تورکیا تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 17-9-2025 کۆبووەوە و سبەی پێنجشەممەش درێژە بە کۆبوونەوەکانی دەدات.
 
لە کۆبوونەوەی ئەمجارەدا، گوێ لە مامۆستایانی زانکۆ دەگیرێت، ئەزموونی پڕۆسەی ئاشتی لە فلیپین کە بە مۆرۆ دەناسرێت، تاوتوێ دەکرێت.
 
میدیای تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لە دەیەمین کۆبوونەوەیدا لیژنەکە چەندین مامۆستای زانکۆ و پسپۆری بانگهێشت کردوون و گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکات.
 
شێوازی مۆرۆ بۆ پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکرێت
 
بەشی دووەمی کۆبوونەوەکە، رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت هەریەک لە فاتح ئوڵوسۆی و حوسێن ئۆرۆچ، کە ماوەی 40 ساڵ وەک نێوەنگیر لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان موسڵمانانی مۆرۆ و حکومەتی فلیپین کاریان کردووە، ئەزموونی خۆیان بۆ ئەندامانی لیژنەکە باس دەکەن.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی ئاشتی لە فلیپین، بەرەی رزگاریخوازی ئیسلامیی مۆرۆ رەزامەندیی لەسەر دانانی چەک دەربڕی.
 
لەو دانیشتنەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر دەنیز ئولکە کایناک، دکتۆر وەهاب جۆشکون و پڕۆفیسۆر دکتۆر تەڵحە کۆسە، سەرۆکی ئەکادیمیای هەواڵگریی نیشتمانی گوتار پێشکەش دەکەن.
 
لیژنەکە، رۆژی پێنجشەممە لە 11ـەمین کۆبوونەوەیدا گوێ لە نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پیشەسازان و بازرگانانی باکووری کوردستان دەگرێت.
 
گەلی مۆرۆ و پرۆسەی ئاشتی
 
گەلی مۆرۆ لە سەدەی 14ـەوە بە هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە، بە سەربەخۆیی ژیاون، بەڵام لە سەدەی 16ـەوە لەگەڵ ئیسپانییەکان و دواتر ئەمریکییەکان و دواجاریش حکومەتی فلیپین کەوتوونەتە ململانێ.
 
لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە، بەرەی رزگاریخوازی نیشتمانیی مۆرۆ (MNLF)  و بەرەی رزگاریخوازی ئیسلامیی مۆرۆ (MILF) کە لێی جیابووەوە، لەپێناو سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمییەکی فراوان، شەڕی گەریلاییان بەرپاکرد. لەم ململانێیانەدا سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.
 
خاڵی وەرچەرخانی پرۆسەی ئاشتی
 
رێککەوتنامەی تەرابلوسی 1976 (بە نێوەندگیریی لیبیا): بەڵێنی ئۆتۆنۆمیی بە گەلی مۆرۆ دا، بەڵام بە تەواوی جێبەجێ نەکرا.
 
رێککەوتنامەی ئاشتیی 1996: لە نێوان MNLF و حکومەتی فلیپین واژۆکرا و ناوچەی ئۆتۆنۆمیی موسڵمانانی مینداناو (ARMM) دامەزرا، بەڵام MILF بەشداریی رێککەوتنەکەی نەکرد.
 
رێککەوتنامەی 2012: لە نێوان حکومەت و MILF واژۆکرا و پێکهاتەیەکی نوێی ئۆتۆنۆمی بە ناوی "بانگسامۆرۆ" پێشنیازکرا.
 
رێککەوتنامەی گشتگیری ئاشتیی بانگسامۆرۆ 2014: کۆتایی بە خەباتی چەکداری هێندرا و بڕیاردرا MILF گۆڕانکاری بەسەردا بێت و ببێتە پارتێکی سیاسی، هەروەها ناوچەی ئۆتۆنۆمیی بانگسامۆرۆ دابمەزرێت.
 
گشتپرسیی یاسای ئۆرگانیکی بانگسامۆرۆ 2019: بە دەنگدانی جەماوەر، ناوچەی ئۆتۆنۆمیی نوێی بانگسامۆرۆ دامەزرا و MILF  سەرپەرشتیی ئیدارەی کاتیی گرتە ئەستۆ.
 
دۆخی ئەمڕۆ
 
ناوچەی ئۆتۆنۆمیی بانگسامۆرۆ خاوەن دەسەڵاتێکی فراوانی سیاسی و ئابوورییە؛ پەرلەمان و حکومەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
 
پرۆسەکە هێشتا بەردەوامە، چونکە کێشەکانی وەک چەکداماڵین، گەشەپێدان، گەڕانەوەی ئاوارەکان و پرسی متمانە لە نێوان سوپای فلیپین و هەندێک گرووپی چەکداردا بە تەواوی چارەسەر نەکراون.
 
چەند ئاکتۆرێکی نێودەوڵەتی (لەوانەش مالیزیا، یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا) وەک چاودێر و ئاسانکار بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە.