بەهۆی دۆسیەی جان هۆڵدینگ 26 کەسی دیکە لە ئیستەنبووڵ دەستبەسەر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی جان هۆڵدینگ، داواکاری گشتیی کووچوک چەکمەجە-ی ئیستەنبووڵ، بڕیاری دەستبەسەرکردنی 35 کەسی دیکەی دەرکرد و 26یان دەستبەسەر کران.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 17ی تشرینی یەکەمی 2025 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کووچوک چەکمەجە و لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی جان هۆڵدینگ لە چوار پارێزگای تورکیا ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستبەسەرکردنی 35 کەس کرا، ئیستەنبووڵ ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکە بوو. 
 
لەو 35 کەسە کە بە تۆمەتی "دامەزراندنی رێکخراوی تاوانکاری"، "قاچاخچێتی"، "ساختەکاری" و "سپیکردنەوەی پارە" فەرمانی دەستبەسەرکردنیان بۆ دەرکراوە، 26 ـیان دەستبەسەرکران کە لەنێویاندا بازرگان عەرەفات بینگۆل، رەمزی سانڤەر، سەرۆکی پێشووی زانکۆی بیلگی و بەتوول جان هەن. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان سێ لە داواکراوەکان لە دەرەوەی تورکیان و گەڕان بەدوای 6 داواکراوەکەی دیکەدا بەردەوامە.
 
رۆژی یەکشەممە 28ی ئەیلوولی 2025 کەمال جان، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی جان هۆڵدینگ کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا دەستبەسەرکرا، بە بڕیاری دادگە خرایە زیندانەوە.
 
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوک چەکمەجە لە ئیستەنبووڵ دەستیپێکردووە، لە 11ی ئەیلوولی 2025دا دەست بەسەر 121 کۆمپانیای سەر بە کۆمپانیای جان هۆڵدینگدا گیرا، کە هابەرتورک و شۆ تیڤی تێدایە.
 
زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەکانی داواکاری گشتی ئاماژە بەوە دەدەن، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە دژی جان هۆڵدینگ لە ساڵی 2022 کراوەتەوە.
 
بەگوێرەی زانیاریی ماڵپەڕەکانی هۆڵدینگەکە، جان هۆڵدینگ لە رێگەی دەستپێشخەرییە بازرگانییەکانی زەمانهان جان، لەدایکبووی شارۆچکەی بازید سەر بە پارێزگای ئاگری باکووری کوردستان دامەزراوە.
 
زەمانهان جان، لە ساڵی 1972ـدا بە دامەزراندنی کۆمپانیای بازرگانی بەناوی خۆیەوە دەستی بە کاری بازرگانی کردووە و لە ساڵی 1986 کۆمپانیاکانی لە ژێر چەتری جان هۆڵدینگدا کۆکردووەتەوە.
 
بارەگای سەرەکی ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی 1990دا گوێزراوەتەوە بۆ ئیستەنبووڵ.
 
کۆمپانیای جان هۆڵدینگ لە چەندین کەرتدا کاردەکات، لەوانە پەروەردە، وزە، ئامێرە ناوماڵە بەهێزەکان، تەکنەلۆژیا، لۆجستی، بەندەر، چاودێری تەندروستی و میدیا.
 
هەروەها دامەزراوە پەروەردەییەکانی وەک زانکۆی بیلگی و کۆلێژەکانی دۆغا لە کۆمپانیاکانی ناو گروپەکەدان. 
 
هەموو پشکەکانی کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی وەک هابەرتورک تیڤی، شۆ تیڤی، بلومبێرگ ئێچ تی، ئێچ تی سپۆر کە بەشێک بوون لە کۆمپانیای جینەر هۆڵدینگ، لە مانگی نیساندا گوێزراونەتەوە بۆ جان هۆڵدینگ.
 
زۆربەی ئەو 121 کۆمپانیایە کە دەستیان بەسەردا گیراوە، کۆمپانیاکانی وزە و سووتەمەنین.