ئەردۆغان: رێککەوتنی رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش 120 رۆژ درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، رێککەوتنی رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش بۆ ماوەی 120 رۆژ درێژ کرایەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2022، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، رێککەوتنی رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش بۆ ماوەی چوار مانگی دیکە درێژدەکرێتەوە.
ئەردۆغان لە پۆستێکدا نووسی، "لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆ چوار قۆڵییەی کە تورکیا میوانداریی دەکات، هاوتەریب لەگەڵ ئەو بڕیارەی لە نێوان تورکیا، نەتەوە یەکگرتووەکان، فیدراسیۆنی رووسیا و ئۆکرانیا دراوە، رێککەوتنی رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش لە 19ی تشرینی دووەمی 2022ـەوە بۆ ماوەی 120 رۆژ درێژکراوەتەوە".
سەرۆککۆماری تورکیا لە تویتێکی دیکەدا نووسیوویەتی: "بە گەیاندنی زیاتر لە 11 ملیۆن تۆن دانەوێڵە و خۆراک بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی بە نزیکەی 500 کەشتی لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، بەڕوونی دەرکەوتووە کە ئەم رێککەوتنە چەندە گرنگ و سوودبەخشە بۆ دابینکردنی خۆراک و ئاسایشی جیهان".
لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی کە رووسیا و ئۆکراینا لە 22ی تەممووزی 2022 بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا لە شاری ئیستەنبووڵ لەبارەی دووبارە دەستپێکردنەوەی ناردنی سەلامەتیی دانەوێڵە و خۆراک لە بەندرەکانی ئۆکراینا واژۆیانکرد، رۆژی چوارشەممە 27ی تەممووزی 2022، ناوەندی هاوبەشی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن لە ئەستەنبووڵ دادەمەزرا.
یەکەم کەشتیی بارکراو لە دانەوێڵەی ئۆکراینا رۆژی یەکی ئابی 2022 لە بەندەری ئۆدێسا بەڕێکەوت و رۆژی دواتر گەیشتە کەناراوەکانی گەرووی ئیستەنبووڵ.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا سەرەتای مانگی رابردوو رایگەیاندبوو کە لە سەرەتای مانگی ئابەوە تاوەکو سەرەتای تشرینی یەکەم، واتا لە ماوەی دوو مانگدا شەش ملیۆن تۆن دانەوێلە لە رێگەی 260 کەشتییەوە لە ئۆکرایناوە ھەناردە کراوە.