ئۆپەراسیۆنی گارە؛ داودئۆغڵو دەڵێت ئەردۆغان بەنیازبوو بەم زستانە بیکاتە بەهار

رووداو دیجیتاڵ
 
ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر چیای گارە لە باشووری کوردستان و کوژرانی 13 سەرباز و پۆلیسی دیلی ژێر دەستی پەکەکە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، گرژیی خستووەتە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە. دەسەڵات، تۆمەتی پاڵپشتیکردن لە تیرۆر دەداتە پاڵ ئۆپۆزیسیۆن، لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆنیش دەسەڵات بە بەرپرس دەزانێت لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی رایگەیاند: "ئەوانەی کە زمانیان نایگرێ لە ناخەوە سەرکۆنەی رێکخراوی تیرۆر بکەن، لە بەرامبەر ئەو رووداوە ئازاربەخشە، خودی من و دەوڵەت تۆمەتبار دەکەن، بە عیبرەتەوە دەڕوانینە هەوڵەکانیان لەو چوارچێوەیەدا".
 
 
ئەو 13 دیلەی لە گارە کوژران، نزیکەی شەش ساڵ بوو لە لای پەکەکە بوون، دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە رایگەیاند دیلەکان لەلایەن پەکەکەوە بە گوللە کوژراون، بەڵام پەکەکە دەڵێت دیلەکان لەلایەن تورکیاوە کوژران و ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەش کوشتنی ئەو 13 کەسە بووە.
 
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەردەوام بەر رەخنەکانی ئەردۆغان دەکەوێت، هێرشی ئەمدواییەی ئەردۆغان بۆ سەر سەرۆکی جەهەپە زۆر تووند بوو، کە بە گوتەی کڵچدارئۆغڵو "بەبێ تەربیەت" ناوی بردووە.
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو گوتی: "ئەمڕۆ ئەردۆغان سووکایەتی بەمن دەکات. دەڵێ کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە و تەنانەت پێمدەڵێت بێ تەربیەت! بۆچی ئەمە بە من دەڵێ؟ چونکە من بەرگریم لە مافی 16 شەهید کردووە. 5 پرسیارم ئاراستە کردووە، لەسەر ناوی خانەوادەی شەهیدەکان، لەسەر ناوی گەلەکەمان پرسیارم کرد و گوتم وەڵامی ئەم 5 پرسیارە بدەرەوە".
 
 
ئۆپۆزسیۆنی تورکیا نیگەرانە لە هەڵوێستی سەرۆککۆمار و بەگومانەوە دەڕوانێتە ئەو زانیارییانەی لەلایەن دەسەڵاتەوە لەبارەی ئۆپەراسۆنەکە و ئەنجامەکانی راگەیێنراون.  
 
مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی دەڵێت: "دەمانەوێت بزانین پەنجەی سیاسەت لەم کارەدا هەیە یان نا. ئێوە لەوانەیە لە رێگەی سۆشیاڵمیدیاوە و لە سەکۆی پەرلەمانەوە کەمپەینی سەرکوتکردن دەستپێبکەن و بوێری نیشان بدەن لەوەی شەهیدەکانمان وەک ئامرازێک بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر ئەوانەی لە خۆتان نین، بەڵام ئێمە ئەوە ناکەین". 
 
هەدەپە کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی گارەوە گوشارێکی یەکجار زۆری لەسەرە، هەر لە سەرەتاوە سەرکۆنەی کوژرانی سەربازە دیلەکانی گارەی کردووە و پێداگرە لەسەر ئەوەی تاکە بەرپرسیاری ئەو دۆخە دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپەی هاوپەیمانییەتی. 
 
پارتی ئایندە کە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داوائۆغڵو کە دوای جیابوونەوەی لە ئاکپارتی دامەزراوە، تاوەکو دوێنێش لە بەرامبەر رووداوەکان بێدەنگی هەڵبژاردبوو، بەڵام سەرۆکی ئەو پارتە دوای چڕبوونەوەی گوشارەکانی دەسەڵات، بێدەنگی شکاند.
 
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە، دەڵێت: "داوا لە برا ئاکپارتییەکان و مەهەپەییەکانم دەکەم، کێ بەرپرسیارە لەبەرامبەر لەدەستدانی گیانی ئەو کەسانە؟ پێدەچێت دەسەڵاتی سیاسی و لە سەرووشیانەوە بەڕێز سەرۆککۆمار، بۆ لە بیربردنەوەی کێشە سیاسیی و ئابوورییەکان، بە پێویستی زانی مزگێنییەکی نوێ بدات، لەو چوارچێوەیەشدا فەرمانی دا. ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتووبووایە، بۆ پەردەپۆشکردنی هەژاری و گەندەڵی، کەشێکی بەهاری دەهێنایە ئاراوە". 
 
بەرەبەیانی 10ی شوباتی 2021 وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەڵۆ-2ی لە چیای گارە دەستیپێکرد. ئۆپەراسیۆنەکە 4 رۆژ بەردەوام بوو. تورکیا دەڵێت 51 گەریلا کوژراون و 2ی دیکەشیان بەدیل گرتوون، هەپەگەش دەڵێت 37 سەربازی تورکیا کوژراون و 15 گەریلاش گیانیانلەدەستداوە.