سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: دوایین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن دەکرێ و راپۆرتی کۆتایی دەخرێتەڕوو

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێ، ئەمڕۆ چوارشەممە دوایین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دەکرێ و راپۆرتی کۆتایی دەخرێتەڕوو.
 
کۆبوونەوەکە کاژێر 11:00ی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی شوباتی 2026 بە سەرۆکایەتی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەستپێدەکات.
 
کورتوڵمووش لە کۆبوونەوەی پارێزگاران لە پەرلەمان قسەی کرد.
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی دۆخی ناوچەکە قسەی کرد و گوتی، هەوڵ دراوە گەلانی ناوچەکە لە یەکدی دووربخرێنەوە و رایگەیاند: "سەرەڕای هەموو ئەم پڕۆژە داگیرکارییانە، گەلانی ناوچەکە وەک میراتگری هەمان چارەنووس، هەمان جوگرافیا، هەمان باوەڕ و هەمان شارستانییەت لە یەکدی دانەبڕان".
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لەوە کرد، لە سەرەتای قۆناخێکی نوێدان و گوتی: "تورکیا بە تەواوی ئەو کێشەی تیرۆرە چارەسەر دەکات کە نزیکەی 50 ساڵی سەتەی یەکەمی کۆماری لە تورکیا گرتووەتەوە و ئێمەی بێچارە و بە کۆت و زنجیر بەستووەتەوە".
 
کورتولمووش رایگەیاند: "لە پرۆسە مێژووییەکەدا کە دەستیپێکردووە، رێگەیەکی زۆر بڕدراوە" و گوتی، رۆژی چوارشەممە، 18ـی شوبات راپۆرتی کۆتایی بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی، "وەک پەرلەمان، ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەی کەوتووەتە ئەستۆمان جێبەجێی دەکەین. دوای ئەمە، ئەوەی پێویست بێت لە چوارچێوەی پەرلەماندا جێبەجێ دەکرێ".
 
لە سەرەتای تشرینی یەکەمی 2024ەوە پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەستی پێکردووە و لەو کاتەوە هەندێک هەنگاو نراون، لەوانەش کۆنگرەی پەکەکە لە 5-7ی ئایاری 2024، پاشان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی و پاشانیش دامەزراندنی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا.