راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری دەخرێتە دەنگدانەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە دەنگدان لەسەر راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دەکرێت کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە. بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە دەڵێت، دەبێت راپۆرتەکە بە زۆرینەی رەها پەسند بکرێت، واتە لە کۆی 51 ئەندامی کۆمیسیۆنەکە، پێویستە لانیکەم 31 ئەندام بە "بەڵێ" دەنگ بدەن.
راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پەرلەمان، کە پێشنیازی لایەنە سیاسییەکانی سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لەخۆدەگرێت، کۆتایی هاتووە.
راپۆرتەکە لە 60 لاپەڕە پێکدێت و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی شوباتی 2026، لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکەدا بخرێتە دەنگدانەوە.
شێوازی دەنگدانەکە بووەتە جێگەی مشتومڕ. موراد ئەمیر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە پێش دەنگدانە چارەنووسسازەکە هۆشداری دا.
موراد ئەمیر رایگەیاند، بەپێی مادەی 6ی پەیڕەوی کاری کۆمیسیۆن، بۆ پەسندکردنی راپۆرتەکە "زۆرینەی رەها" پێویستە. بەو پێیەی کۆمیسیۆنەکە لە 51 ئەندام پێکدێت، دەبێت لانیکەم 31 ئەندام راپۆرتەکە پەسند بکەن.
دەنگەکانی ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی کە پشتگیریی تەواوی پڕۆسەکە دەکەن، دەگاتە 31 دەنگ، واتە ئەگەر هەر سێ لایەن بە "بەڵێ" دەنگ بدەن، راپۆرتەکە لە کۆمیسیۆنەکەدا پەسند دەکرێت.
دابەشبوونی ئەندامانی کۆمیسیۆن (51 ئەندام):
• ئاکپارتی: 22 ئەندام
• جەهەپە: 11 ئەندام
• دەم پارتی: 5 ئەندام
• مەهەپە: 4 ئەندام
• فراکسیۆنی رێگەی نوێ: 3 ئەندام
• هوداپار، سەرلەنوێ رەفاهـ، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی رەنج، پارتی چەپی دیموکرات، هەریەکەیان ئەندامێکیان هەیە.
لە راپۆرتە 60 لاپەڕەییەکەدا چی هەیە؟
لە رەشنووسی راپۆرتەکەدا هەرچەندە ناوی "مافی هیوا" راستەوخۆ نەهاتووە، بەڵام بۆ زیندانییانی سیاسی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت. بەشێک لەوانە بریتین لە:
1- هەمواری جێبەجێکردن: داوا دەکرێت یاساکانی جێبەجێکردنی سزا بەپێی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگەی دەستووریی باڵا پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت.
2- زیندانییە نەخۆشەکان: بۆ زیندانییە نەخۆش و بەساڵاچووەکان، پێشنیازی "دواخستنی جێبەجێکردنی سزا" دەکرێت.
3- دادگاییکردنی بێ گرتن: پێشنیاز سەبارەت بە دادگاییکردن بەبێ گرتن کراوە.
4- کۆتاییهێنان بە قەییوم: لە راپۆرتەکەدا داوای کۆتاییهێنان بە سیستمی قەییوم دەکرێ. ئەگەر سەرۆک شارەوانییەک لە کارەکەی دوورخرایەوە، دەبێت ئەنجوومەنی شارەوانی کەسێکی دیکە لە شوێنی هەڵبژێرێت.
5- پێناسەی تیرۆر: پێشنیاز دەکرێت "پێناسەی تیرۆر" بگۆڕدرێ، و ئەو چالاکییانەی توندوتیژییان تێدا نییە (وەکو ئازادیی رادەربڕین)، وەکو تاوانی تیرۆر هەژمار نەکرێن.
6- یاسای تایبەت: پێشنیاز دەکرێ دوای دڵنیابوونەوە لە دانانی چەک، یاسایەکی تایبەت و سەربەخۆ بۆ ئەم قۆناخە دەربکرێت.