راپۆرتی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا


رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پەرلەمانی تورکیا، کە پێشنیازی لایەنە سیاسییەکانی سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لەخۆگرتبوو بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا. 
 
رۆژی چوارشەممە، 18ــی شوباتی 2026، راپۆرتەکە لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە بە سەرۆکایەتی نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان خرایە دەنگدانەوە و بە 47 دەنگی بەڵێ، دوو دەنگی نەخێر و یەک دەنگی بێلایەن پەسند کرا.  ئەحمەد شک لە پارتی کرێکارانی تورکیا و ئەسکەندەر بایهان لە پارتی رەنج، بە "نەخێر" دەنگیان دا، هەروەها تورکان ئەلچی، لە جەهەپە دەنگی نەدا.
 
راپۆرتەکە چی تێدایە؟
 
راپۆرتەکە، کە لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکەدا خوێندرایەوە، لە حەوت بەشی سەرەکی پێکدەهات. لە بەشی پێشەکیی راپۆرتەکەدا هاتووە، "دیارترین قۆناخی پرۆسەکە دانانی چەکی ئەندامانی پەکەکەیە". 
 
لە راپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی، دەبێت دانانی چەک لەلایەن یەکە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە دەستنیشان و پشتڕاست بکرێتەوە. هەروەها باس لەوە کراوە، ئەم قۆناخە تەنیا راگەیاندنی کۆتاییهاتنی چەک نابێت، بەڵکو دەبێتە سەرەتای چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسیی نوێ.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخستن و لەناوبردنی چەکەکان، پێویستی بە رێکخستنی یاسایی دەبێت و لەمبارەیەوە هاوڕاییەکی گشتی هەیە. 
 
لە بەشی راسپاردەکاندا هاتووە، ئەو یاسا سەربەخۆیەی هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی دانانی چەکدا تاوتوێ دەکرێت، پێویستە هێندە گشتگیر بێت کە دەرەنجامەکانی پرۆسەکە بە تەواوی لەناوبەرێت و زەمینەی سیاسەتی دیموکراتی بەهێز بکات. 
 
هەروەها پێویستە یاساکە ئامانجی گەڕانەوەی ئەو کەسانە بێت کە دەستبەرداری چەک و تووندوتیژی بوون، بۆ هەمیشە کۆتایی بە چەک و تووندوتیژی بهێندرێت و کێشەکە بە تەواوی بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی بگوازرێتەوە.
 
مافی هیوا هەیە؟
 
لە راپۆرتەکەدا، گفتوگۆی "مافی هیوا"ش هەیە. پێشنیاز کراوە یاسای جێبەجێکردنی سزاکان لە چوارچێوەی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگەی دەستووریی تورکیا و ئەو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی کە تورکیا تێیاندا ئەندامە، پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و لەسەر بنەمای دادپەروەری لە جێبەجێکردنی سزاکاندا، سەرلەنوێ تاوتوێ بکرێتەوە. 
 
لە راپۆرتەکەدا پێشنیازی دواخستنی جێبەجێکردنی سزا بۆ زیندانیانی نەخۆش و بەساڵاچوو؛ بۆ زیندانیان و سزادراوانی نەخۆش و بەساڵاچوو بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە مافی ژیان لە سەرووی هەموو مافێکەوەیە، ئاماژە بە هەڵسەنگاندنەوەی میکانیزمی دواخستنی جێبەجێکردنی سزا کراوە.