ئەردۆغان لەبارەی لێکتێگەیشتنی هەسەدە و دیمەشق: پێشهاتی دڵخۆشکەر روودەدەن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت، لێکتێگەیشتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق "پێشهاتی دڵخۆشکەرن" و پشتیوانی لە دروستکردنی ناوچەیەکی بێ تیرۆر دەکەن. لەبارەی گرژییەکانی تاران و واشنتنیش دەڵێت: "دژی دەستوەردانی سەربازین بۆ سەر ئێران."

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی شوباتی 2026، لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەسیوپیا لەنێو فڕۆکەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و وەڵامی پرسیاری میدیاکارانی لەبارەی دۆخی سووریا و گرژییەکانی ناوچەکە دایەوە.
 
ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق لە سووریا گوتی: "بەرەو ئامانجی 'تورکیایەکی بێ تیرۆر' بە هەنگاوی وردبینانە، سوور و پتەو هەنگاو دەنێین. ئەو ئیرادە بەهێزەی وڵاتەکەمان، لە ئێستادا کاریگەریی گەیشتووەتە سووریاش."
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە "لەوێ (سووریا) پێشهاتی دڵخۆشکەر روودەدەن، کە پشتگیری لە ئامانجی ئێمە بۆ دروستکردنی ناوچەی بێ تیرۆر دەکەن. ئەمەش زیاتر دڵخۆشمان دەکات و هەنگاو بە هەنگاو چاودێریی هەنگاوەکانی یەکگرتنی تەواو دەکەین."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بە هەنگاوی دڵنیاییەوە لە رێگەکەی بەردەوامە و گوتی: "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تەنیا پرسێکی ئەمنی نییە، بەڵکو لایەنی یاسایی و کۆمەڵایەتیش تاوتوێ دەکەین."
 
"دژی هێرشین بۆ سەر ئێران"
 
سەبارەت بە ئەگەری جەنگ لە دژی ئێران، ئەردۆغان هەڵوێستی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "ئێمە وەکو تورکیا بە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان راگەیاندووە کە دژی دەستوەردانی سەربازین لە ئێران. پەرەسەندنێکی سەربازیی لەو شێوەیە و بەرزبوونەوەی گرژییەکان، ناوچەکەمان بەرەو نادیارییەکی زیاتر دەبات."
 
ئەردۆغان ئاشکرای کرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە پەیوەندیی بەردەوامدان: "دواینجار لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران قسەم کرد. راستەوخۆ رۆژی دواتر لەگەڵ ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبوومەوە. لە هەموو ئەم دیدارانەدا باسمان لەوە کرد کە چۆن دەتوانین رێگەیەک بگرینەبەر."
 
سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداریدا لەوەی "جەنگێکی نوێ کە ئێرانی کردبێتە ئامانج، هیچ قازانجێک بە کەس ناگەیەنێت"، و جەختی کردەوە کە ئەوان دەیانەوێت پرد دروست بکەن نەوەک دیوار.