ئەردۆغان: سەربازەکانمان لە عێراق، سۆماڵ، ئەفغانستان و کۆسۆڤۆ رۆڵی ئاشتییانە دەگێڕن
رووداو دیجیتاڵ
لە خوانی بەربانگی سێشەممە 18-03-2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک سەربازی وڵاتەکەی کۆبووەوە و گوتارێکی پێشکێش کرد.
سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارەکەیدا باسی لەو پرۆسەیە کرد کە ئێستا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی 40 ساڵەی نێوان دەوڵەت و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەیە و گوتی، "لەپێناو رزگاربوونی هەمیشەیی لەو رێکخراوە تیرۆریستییە جوداخوازەی ماوەی 40 ساڵە بە یەخەمانەوە نووسێندراوە، لەنێو هەوڵێکی چڕین."
ئەردۆغان رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت بەرەی نێوخۆیی تورکیا تۆکمە بکەن و لەسەر رێگەی برایەتی لە رۆیشتن بەردەوام بن.
لەبارەی مانەوەی سەربازانی تورکیا لە وڵاتانی دەرەوە، ئەردۆغان گوتی، "سوپا قارەمانەکەمان لە ئەفغانستانەوە بۆ سۆماڵ، لە عێراقەوە بۆ کۆسۆڤۆ لە جوگرافیای دڵ و دەروونماندا رۆڵی ئاشتییانە دەگێڕن. پەنا بە خودا لەمەودواش بەردەوام دەبین لەوەی لەگەڵ براکانمان بین."
رۆژی 18ی ئادار لە تورکیا بە رۆژی 'شەهیدانی چاناکالێ' دەناسرێت، ساڵانە لەم رۆژەدا چالاکی و رێوڕەسمی جۆراوجۆری سەربازی بەڕێوەدەچێت.
ساڵی 1915 شەڕی چاناکالێ روویدا، تێیدا بەریتانیا و چەند وڵاتێکی هاوپەیمانی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تورکیایان دا و لە کەناراوەکانی چاناکالێ رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
شەڕەکە 25-04-1915 دەستیپێکرد و تاوەکو 09-01-1916 بەردەوام بوو؛ لە ئەنجامدا هێزە هاوپەیمانەکان نەیانتوانی تورکیا کۆنترۆڵ بکەن و پاشەکشەیان کرد.