هوداپار: ئیسرائیل ناوەستێت، تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتی ئێستای ئێرانیش بڕووخێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی هوداپاری تورکیا دەڵێ، ئیسرائیل سنووری نێوان رووبارەکانی نیل و فورات بە موڵکی خۆی دەزانێت و ئەگەر لە رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستای ئێرانیش سەرکەوتوو بێت، هەر ناوەستێت.
 
لە پرۆگرامێکی بەربانگدا کە ئێوارەی سێشەممە 17-03-2026 لە چەولیگی باکووری کوردستان رێکخرابوو، زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپاری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد کە تێیدا باسی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلی لەگەڵ ئێران کرد.
 
سەرۆکی هوداپار رایگەیاند، ئیسرائیل بەردەوام وادەکات موسڵمانان مانگی رەمەزان لە کەشێکی خراپدا تێپەڕێنن و گوتی، "بەگوێرەی بیروباوەڕی ئەوان، تەواوی خاکی نێوان نیل و فورات خاکی بەڵێندراوە بۆ ئەوان و موڵکی ئەوانە. ئەوان هەموو ئەو کەسانە بە داگیرکار دەزانن کە لەو خاکەدا دەژین."
 
سەرۆکی هوداپار لە باسی بەرنامە و پلانەکانی ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا کرد و گوتی، "با هیچ کەس وانەزانێ ئەگەر ئێران بڕووخێنن، لەوێدا دەوەستن. نەخێر! دڵنیابن ناوەستن."
 
رۆژی 28-2-2026 ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و جەنگ هەتا ئێستاش بەردەوامە.
 
چەندین بەرپرسی باڵای ئێران کراونەتە ئامانج و کوژراون.
 
ئێران لە بەرامبەردا ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە بۆردوومان دەکات. تاران جەختدەکاتەوە کە ئامانجی بنکە و بارەگاکانی ئەمریکایە.