ئەردۆغان: لە سێ مانگدا داهاتی گەشتیاریمان 9.8 ملیار دۆلار بووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، داهاتی گەشتیارییان لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا 9.8 ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها لە پێشانگەی ساها-2026'دا هەشت ملیار دۆلار داهاتیان بەدەستهێناوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی یەکێتیی ژوور و بۆرساکانی تورکیا (TOBB) کە دووشەممە، 18-5-2026 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و چەند ئامارێکی لەبارەی داهات، گەشتیاری و هەناردەی وڵاتەکەی خستەڕوو.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی پیشەسازیی بەرگری، فڕۆکەوانی و ئاسمانی (SAHA 2026) لە رۆژانی 5-9ی ئایاری 2026 بە بەشداریی کۆمەڵەی پیشەسازیی بەرگری، فڕۆکەوانی و ئاسمانیی تورکیا و ئەورووپا لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو.
ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا باسی لەو پێشانگەیە کرد و گوتی: "لە پێشانگەی ساها-2026دا 182 گرێبەست واژۆکران کە قەبارەی کاریان هەشت ملیار دۆلار بوو و شەش ملیار دۆلاری هەناردە بوو.
ئەردۆغان هەروەها باسی لە داهاتی کەرتی گەشیاری کرد و گوتی: "ساڵی 2025 پێشوازیمان لە 64 ملیۆن سەردانیکار کرد. 65.2 ملیار دۆلار داهاتی گەشتیاریمان بەدەستهێنا. لە چارەکی یەکەمی 2026دا داهاتی گەشتیاریمان، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشتر 4.2٪ زیادکرد و گەیاندمانە 9 ملیار و 896 ملیۆن دۆلار".