سەرۆکشارەوانییەکی جەهەپە دەبێتە ئاکپارتی و مووچەی کارمەندەکانی زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەو سەرۆکشارەوانییەی وازی لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) هێنا و پەیوەندیی بە ئاکپارتییەوە کرد، مووچەی کارمەندانی زیادکرد.
ئۆزلەم چەرچیئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئایدن، کە دەستی لە جەهەپە کێشایەوە و پەیوەندیی بە ئاکپارتییەوە کرد، رۆژی دووشەممە، 18-8-2025 رایگەیاند، مووچەی کارمەندانی شارەوانییەکەی 23٪ زیاد کردووە.
بەمجۆرە کەمترین مووچەی مانگانەی کارمەندانی گەورەشارەوانیی ئایدن دەبێتە 40 هەزار لیرە، کە دەکاتە نزیکەی 1000 دۆلار.
چەرچیئۆغڵو رایگەیاند، کاری لەپێشینەیان ئەوەیە مووچەیەکی شایستە بە کارمەند و کرێکارانی سەر بە شارەوانیی بدەن.
رۆژی پێنج شەممە 14-8-2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لە 9 سەرۆکشارەوانی کرد کە دەستیان لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کێشابووەوە و پەیوەندییان بە ئاکپارتی کرد.
گرنگترین کەسایەتی لە نێو ئەو سەرۆکشارەوانییانە ئۆزلەم چەرچیئۆگڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئایدن بوو.
ئەو هەنگاوەی چەرچیئۆغڵو لە تورکیادا بووەتە رۆژەڤ و بەرپرسانی ئاکپارتی و جەهەپە رووبەڕووی یەکدی کردووەتەوە و ئەو دوو پارتە بە لێدوانی تووند بەرپەرچی یەکدی دەدەنەوە.
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانیی تورکیا کە رۆژی 31-3-2024 بەرێوەچوو، ئۆزلەم چەرچیئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بە بردنەوەی 50.5٪ی دەنگەکان گەورەشارەوانیی ئایدنی بەدەستهێنا.
لە بەرامبەردا مستەفا سەڤاش، بەربژێری ئاکپارتی 36.7٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.