قسەکردن بە کوردی لە پەرلەمانی تورکیا تۆمار کرا و دوای دوو کاژێر سڕایەوە

رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمجار، قسەکردن بە کوردی لە تۆمارەکانی پەرلەمانی تورکیا تۆمار کرا، بەڵام دوای دوو کاژێر سڕایەوە. پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵی، بینیمان بە نووسینی کوردی وڵات پارچە نەبوو. 
 
کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پلان و بودجەی وەزارەتەکانی حکومەتی تورکیا بۆ ساڵی 2026 بەردەوامە و رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2025 گفتوگۆ لەبارەی بودجەی وەزارەتی نێوخۆ کرا. 
 
لەکاتی گفتوگۆکاندا و دوای پێشکێشکردنی بودجە لەلایەن عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیاوە، پەرلەمانتاران مافی قسەکردنیان وەرگرت.
 
لە کاتی گفتوگۆکاندا، ئەو وشە کوردییانەی لەلایەن دیلان کونت ئایان و محەممەد رووشتوو ترياکی پەرلەمانتارانی دەم پارتی بەکارهاتن لە کۆنووسەکاندا جێیان گرت. 
 
بۆ یەکەمجار لە بری دەستەواژە کوردییەکان، 'زمانی نەناسراو' یان 'x' بەکارنەهات، بەڵام دوای دوو کاژێر جارێکی دیکە ئەو گوتانە سڕانەوە و بە "گوتەی ناتورکی" لە کۆنووسەکەدا تۆمارکران. 
 
لە بری دەستەواژە کوردییەکان سێ خاڵ لەنێو دوو کەوانەدا دانران و لە کۆتایی لاپەڕەکەشدا تێبینی "لەم بەشەدا قسەکەر وشەی بەکارهێناوە کە تورکی نین" نووسرا.
 
لەسەر ئەم بابەتە، تيرياکی ناڕەزایەتیی دەربڕی. ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان وەکو بیانوو پیشان دەدرێت، بەڵام کێشەکە عەقڵیەتە و گوتی، "بینیمان کە بە نووسینی زمانی کوردی وڵات پارچە نەبوو."