دەم پارتی پێشوازی لە بڕیاری دەوڵەت باخچەلی بۆ سەردانکردنی ئیمراڵی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە گوتاری کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند، ئەگەر کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان نەچێتە ئیمراڵی، خۆی دەچێت و رووبەڕوو لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دادەنیشێت.

کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی مەهەپە رۆژی سێشەممە 18-11-2025 بەڕێوەچوو.
 
باخچەلی لە گوتاری کۆبوونەوەکەدا پرۆسەی چارەسەری بە مێژووییترین دەرفەت ناوبرد و گوتی: "پرۆسەکە کراوەتە سیاسەتی دەوڵەت، بەڵام کەسانێک دەیانەوێ گورزی لێ بوەشێنن. بێگومان ئەوانە بایی ئەوە عەقڵ و ژیرییان نییە لە هاوپشتیی دەوڵەت و گەل تێبگەن".
 
باخچەلی رایگەیاند، هەموو کارێکیان لەپێناو تورکیایە و دواتر بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان و پارتەکەیان دەکەنەوە.
 
باخچەلی: سێ هاوڕێم لەگەڵ خۆم دەبەم بۆ ئیمراڵی
 
لەبارەی کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، دەوڵەت باخچەلی گوتی: "کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە 17یەمین کۆبوونەوەی کرد، چووەتە ناو دوایین قۆناخەوە".
 
دەوڵەت باخچەلی باسی ئەگەری سەردانی کۆمیسیۆنەکەی بۆ دوورگەی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێنایە بەر باس کە ئێستا رۆژەڤی گەرمی ئەنقەرەیە.
 
باخچەلی بە پێویستی زانی بابەتی دیداری ئیمراڵی یەکلایی بکرێتەوە و گوتی:"ئەگەر راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسە دروست نەکرێ کە لایەنی راستەقینەی پرۆسەکەیە، چۆن ئەنجام بەدەست دێت و بەرەوپێشچوون تۆمار دەکرێ؟ ئەگەر ئەو کۆمیسیۆنەی پەرلەمان لەم چوارچێوەیەدا بڕیار نەدات و هیچ کەسێک ئەم سەردانە نەکات و هەمووان پێداگری لەسەر یاریی سێ مەیموونەکە بکەن، بە روونی دەڵێم؛ سێ هاوڕێم لەگەڵ خۆم دەبەم و لەسەر حسابی خۆم دەڕۆمە ئیمراڵی و سڵ لەوە ناکەمەوە کە لەسەر مێزێک رووبەڕوو لەگەڵی دابنیشم".
 
باخچەلی هەروەها رایگەیاند، هەرچیی هەیە رووبەڕوو لەگەڵ ئۆجەلان باسی دەکات. 
 
ئەم گوتانەی دەوڵەت باخچەلی لەلایەن پشتیوانانی پرۆسەی چارەسەرییەوە پێشوازیی گەرمی لێکرا.
 
بەڵام ئەوانەی دژایەتیی پرۆسەکە دەکەن، ناڕەزایی و رەخنەیان هەیە.
 
سەرۆکی ئیی پارتی: لێگەڕێن با بچێت

 

موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی لەمبارەیەوە پەیامێکی دوو وشەیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە کە نووسیویەتی:"لێگەڕێن بابچێت".
 
ئەمە لەکاتێکدایە، دەرڤیشئۆغڵو چەند جاری دیکەش لەسەر ئەم بابەتە رەخنەی لە دەوڵەت باخچەلی گرتووە.
 
6-11-2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتی:"ئەگەر دەتەوێ، دەتوانیت برۆیتە ئیمراڵی و کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەت بەرێوەببەی. لەمەودوا ئەمە لە تۆ دەوەشێتەوە، بەڵام بکوژی هەزاران شەهید، تەنیا دەبێ بەسەر تەرمی ئێمەدا بڕوات، ئەگەرنا ناتوانێ بێتە ناو ئەم پەرلەمانە".
 
پارتی زافەر: کۆماری تورکیا پەلکێشی خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی دەکرێ
 
هەروەها ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گرتەڤیدیۆی گوتەکانی دەوڵەت باخچەلی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی:" کۆماری تورکیا پەلکێشی خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی دەکرێ. بانگهێشتی تەواوی نیشتمانپەروەران دەکەم بێنە ریزی پارتی زافەر. مەترسن! ببنە بە ئەندامی پارتی زافەر و پارێزگاری لە خێزان و نیشتمانەکەتان بکەن".
 
یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە: لە نزیکترین کاتدا سەردانی ئیمراڵی دەکرێ

 

فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە گوتی:"رۆژی هەینی لە کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیدا دەنگ لەسەر بابەتی چوون بۆ ئیمراڵی دەدرێ. دواتر لە نزیکترین کاتدا سەردانی ئیمراڵی دەکرێ. رۆژی هەینی کاژێر 14:00 کۆمیسیۆن لەسەر چوون بۆ ئیمراڵی کۆدەبێتەوە. 
 
باکرهان لەبارەی گوتەکانی باخچەلی: نیشاندانی بوێرییە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی وەڵامی لێدوانەکەی باخچەلی دایەوە و گوتی: "زۆر گرنگە و شایستەی پێزانینە. ئەوەی دەڵێت ئەگەر کۆمیسیۆن نەچێت، من دەچم، نیشاندانی بوێرییە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە. پێویستە کۆمیسیۆنی پەرلەمان بێ ئەوەی تەنانەت رۆژێکیش بەفیڕۆ بدات، بڕیاری خۆی بدات و بچێتە ئیمراڵی".
 
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی پرۆسەی چارەسەرییەوە پێداگری لەسەر چوونی کۆمیسیۆنەکە بۆ ئیمراڵی و گوێگرتن لە ئۆجەلان کردووە.