یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا بۆ دەم پارتی: گەلی کورد پشتیوانی بۆچوونتان ناکات

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە بابەتی مافی ژناندا رەخنەی لە تێڕوانینی دەم پارتی گرت و جەختیکردەوە، گەلی کورد پشتیوانی لە بۆچوونەکانیان ناکات.  
 
دانیشتنەکانی پەرلەمانی تورکیا لەسەر بودجەی 2026ی حکومەت بەردەوامە و شەوی رابردوو جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی پەرلەمانتارانی دایەوە.
 
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی سومەییە بۆز، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ی دایەوە، کە لە بابەتی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە (LGBT) و ژناندا رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت.
 
سومەییە بۆز رایگەیاند، ئەو زمانەی حکومەت پاڵپشتیی دەکات، ژنان و کچان دەکاتە ئامانج و کەسانی LGBT (هاوڕەگەزخواز) وەکو هەڕەشە وەسف دەکات.
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی هەروەها رەخنەی لە سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینیی تورکیا گرت بەوەی، بەرامبەر کوشتنی ژنان بێدەنگە و ئەرکی سەر شانی بەجێ ناهێنێت. هەروەها پرسی؛ ئایا بودجە گشتییە زەبەلاحەکان لەبری بەهێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، بۆ قووڵکردنەوەی جیاکاری و جەمسەرگیری خەرج دەکرێن؟
 
جەودەت یڵماز لە وەڵامی ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی رایگەیاند، ئەگەر بابەتی ژنان تەنیا لە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە (LGBT) کۆدەکەنەوە، ناحەقییەکی گەورە بەرامبەر ژنان دەکەن.
 
 یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رووی دەمی کردە دەم پارتی و گوتی: "ئێوە لە ژێر کاریگەریی گوتاری جیهانگەراییەکانن. ئەگەر سەیری رابردوو بکەین، بە روانگەی ئۆریانتالیستی (روانگەی رۆژئاواییانە بۆ رۆژهەڵات) سەیری خەڵکی خۆمان دەکەن. ئەمە گفتوگۆیەکی درێژە. جا دەمەوێ بڵێم بە هیچ جۆرێک لەگەڵ بۆچوونی ئێوە نیم، دەمەوێ بشڵێم کە گەلی کوردیش کەمترین دەرفەت بەو بۆچوونەتان نادات".
 
LGBT چییە؟
 
 کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە یان (LGBT) دەستەواژەیەکە گوزارشت لە کەسانی ھاوڕەگەزخواز، دووڕەگەزخواز، ترانسجێندەر، فرەڕەگەزخواز و چەند جۆرێکی دیکەی هاوشێوە دەکات.
ئەو کۆمەڵەیە لە ساڵانی 1990 بە کورتکراوەی (LGBT) دەرکەوتن و شوێنی وشەی (gey)یان بەم کورتکراوانە پڕکردەوە. لە زۆر وڵاتدا داوا دەکەن گوێیان بۆ بگیرێت و ماف و رۆڵیان پێبدرێت. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە داواکارییەکانی ئەوان لەگەڵ ئایین و نەریتی هەندێک کۆمەڵگە ناگونجێت.