ئەمریکا: مەرجی پێدانی F-35 بە تورکیا دەستبەرداربوونە لە S400ی رووسی

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی نامەی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی دایەوە و رایگەیاند، تاوەکو تورکیا خاوەنی سیستمی بەرگریی S400ـی رووسی بێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی واشنتن بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 بەو وڵاتە روونادات.
 
لە وەڵامی نامەیەکدا کە لەلایەن کریس پۆپ و 19 ئەندامی دیکەی کۆنگرێسەوە ئاراستەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرابوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دووپاتیکردەوە، هەر مامەڵەیەکی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی بە ئەنقەرە دەبێت بەتەواوی لەگەڵ یاساکانی ئەمریکا، بەتایبەتی "یاسای بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمریکا لە رێگەی سزا" (CAATSA) بگونجێت.
 
پۆڵ گوالیانۆن، بەرپرس لە نووسینگەی کاروباری یاسادانانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە کڕین و بەردەوامبوونی تورکیا لە هەبوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی S400ی رووسی نەگۆڕە. پێداویستییەکانی کڕینی فڕۆکەی F-35ی ئەمریکی لەلایەن تورکیاوە روونن و دەبێت لەگەڵ بەشی 1245ـی یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی 2020 یەکبگرنەوە."
 
ئەو نامەیەی کۆنگرێس دوای ئەوە هات کە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، گوایە دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە بۆ گەڕانەوەی تورکیا بۆ پڕۆژەی F-35 گەیشتوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو. بەڵام وەزارەتی دەرەوە روونیکردەوە کە بە فەرمی تورکیایان ئاگادارکردووەتەوە کە کڕینی چەکی رووسی، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر شیاوبوونی ئەنقەرە دەبێت بۆ بەدەستهێنانی فڕۆکەی F-35
 
دیدارەکەی ترەمپ و ئەردۆغان
 
لە 25ـی ئەیلوول، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە. لەو دیدارەدا ئەردۆغان خواستی خۆی بۆ لابردنی بەربەستەکانی سەر کڕینی فڕۆکەکە دەربڕیبوو و رایگەیاندبوو "ئامادەیە بە وردی گفتوگۆ لەسەر بابەتەکە بکات."
 
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە ئاشکرای کردبوو، مەرجی سەرەکی بۆ گەڕانەوەی تورکیا بۆ پرۆگرامەکە ئەوەیە کە "سیستمی S400ی رووسی بەکارنەهێنێت و خاوەنی نەبێت"، چونکە ئەمریکا نیگەرانە لەوەی ئەو سیستمە ببێتە هۆی دزەکردنی زانیاری هەستیار لەسەر تواناکانی F-35 بۆ رووسیا.
 
هەڵوێستی تورکیا
 
لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا لە دوایین راگەیێندراویدا جەختی کردەوە کە هیچ پێشهاتێکی نوێ لە دۆسیەی S400 نییە، بەڵام گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانیان بۆ هەڵگرتنی سزاکان و گەڕانەوە بۆ پڕۆژەی F-35 بەردەوامە.
 
چی روویدا؟
 
ئەمریکا، لەدوای بڕیاری تورکیا بۆ کڕینی سیستەمی S-400 لە ساڵی 2017ـەوە، گوشارێکی چڕی خستەسەر ئەنقەرە.
 
دوای کڕینی سیستمی بەرگریی مووشەکی S-400 لە رووسیا، تورکیا لە بەرنامەی F-35ـی ئەمریکا دوورخرایەوە. بەرپرسانی ئەمریکیش رایانگەیاند، سیستەمی مووشەکی S-400 مەترسی ئەمنی بۆ فڕۆکەکانی F-35 دروست دەکات کە فڕۆکەی جەنگی نەوەی پێنجەمن. 
 
تورکیا کە لە ساڵی 2019 ـەوە سیستمی بەرگریی مووشەکی S-400 ـی لە رووسیا کڕیوە، بووە یەکەم وڵاتی ناتۆ کە بە پێی یاسای کاتسا بە فەرمی سزای بەسەردا سەپێنراوە. یاسای کاتسا "یاسای بەرەنگاربوونەوەی دژایەتیکردنی ئەمریکایە لە رێگەی سەپاندنی سزاوە"
 
ئەمریکا لە 14ـی کانوونی یەکەمی 2020 لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ دا، بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس 400ی رووسی و لەسەر داوای کۆنگرێس، بریاری دا یاسای کاتسا (CAATSA) بەرامبەر بە تورکیا بەکاربهێنێ و بە فەرمی سزای بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی و سەرۆکی کەرتی پیشەسازیی بەرگریی ئەو وڵاتە سەپاند و لە حەوتی نیسانی 2021 سزاکانی لە بەرامبەر تورکیا خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
تورکیا سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا و ناتۆ، سووربوو لەسەر کڕینی سیستەمی بەرگریی S-400 ـی رووسی. لە هاوینی 2019 سیستمەکە گەیشتە تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020  تاقیکرایەوە.
 
تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە، بەشدارە لە دروستکردنی هەندێ پارچەی تایبەت بە فڕۆکەی جەنگی F-35 ـی ئەمریکی، بەڵام لە 23ـی ئەیلوولی 2020 ـەوە بەهۆی کڕینی سیستەمی مووشەکی S-400ـی رووسی، لە بەرنامەکە دەرهێنراوە. 
 
ئەنقەرە 100 فرۆکەی F-35ـی لە ئەمریکا داواکردووە و رایگەیاندووە، لە رێککەوتنی تایبەت بە کڕینی فڕۆکەی F-35 بڕی 1.4 ملیار دۆلاری داوەتە ئەمریکا و ئیدارەی بایدن دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەوەی لەبری ئەو پارەیە، فڕۆکەی F-16 بداتە تورکیا، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمە رەتدەکاتەوە.