فێستڤاڵی خواردنی کولتووریی ئامەد لە ئیستەنبووڵ دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە ئیستەنبووڵ پێشانگەی تایبەت بە ناساندنی خواردنە کولتوورییەکانی ئامەد دەکرێتەوە و تۆنێک دۆشاو بەخۆڕایی دابەشدەکرێت.
"فێستیڤاڵی تام و چێژی ئامەد" لە ئیستەنبووڵ رۆژی 21ی کانوونی یەکەم دەستپێدەکات و چوار رۆژ دەخایەنێت.
کۆمەڵەی کولتوور و هاوکاریی بسمیلی ئامەد ئەو فێستڤاڵەی رێکخستووە و رۆژانی 21،22،23 و 24ی مانگ لە بازاڕی داخراوی باربارۆس لە ناوچەی ئاتاشەهیری ئیستەنبووڵ پێشوازی لە سەردانیکاران دەکرێت.
لە فێستڤاڵەکەدا خواردنە نەریتییەکانی ئامەد، بەرهەمە خۆماڵی و کولتوورییەکان پێشکێشی سەردانیکاران دەکرێن.
لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا رۆژانە شایی و هەڵپەڕکێی تایبەت بە ئامەدیش پێشکێش دەکرێ.
هەروەها یەکێک لە چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە، دابەشکردنی یەک تۆن دۆشاوە کە بڕیارە رۆژی دووشەممە 22ی کانوونی یەکەم لەلایەن ستافێکی تایبەتەوە جیبەجێ بکرێت.