وەزیری دادی تورکیا: لە 81 پارێزگا رووبەڕووی گرەوی نایاسایی و مادە هۆشبەرەکان دەبینەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دادی تورکیا زنجیرەیەک بڕیاری نوێی راگەیاند، لەوانە قەدەخەکردنی کۆمێنت نووسین بە هەژماری ساختە لە سۆشیاڵ میدیا، گۆڕانکاری لە تەمەنی یاسایی تاوان بۆ منداڵان و تووندکردنەوەی رێکارەکان دژی گرەوی نایاسایی لە 81 پارێزگای وڵاتەکە.
 
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا کە هەفتەی رابردوو دەستبەکار بوو، رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئەو تۆڕە تاوانکارییانەی گەنجان دەکەنە ئامانج، بە تایبەتی لە بواری گرەوی نایاسایی و مادە هۆشبەرەکان، بەردەوام دەبن. ئاکن گورلەک کە پێشتر سەرۆکی نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بوو و رۆژی 11ی شوبات وەک وەزیری داد دەستبەکاربوو، زانیاریی زیاتری لەو بارەیەوە خستەڕوو.
 
گورلەک ئاماژەی بەوە کرد کاتێک سەرۆکی نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بووە، بە تەواوی دژایەتیی گرەوی نایاسایی کاری کردووە و گوتی: "لەو بارەیەوە ئۆپەراسیۆنی زۆر گەورەمان کردووە و سیستمی گرەوی نایاساییمان هەڵوەشاندەوە."
 
سەبارەت بە چەمکی (منداڵی تێوەگلاو لە تاوان) کە ماوەیەکە رای گشتی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، گورلەک رایگەیاند، لە چوارچێوەی 12یەمین پاکێجی دادوەری دا کار لەسەر ئەم پرسە دەکرێت و گوتی: "سەبارەت بە منداڵانی تێوەگلاو لە تاوان، کار بۆ زیادکردنی بڕگەیەک بۆ ناو 12یەمین پاکێجی دادوەری دەکەین. ئەم کارەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەبەین".
 
گورلەک هەروەها ئاشکرای کرد، پلانیان هەیە تاوەکو هاوین ئەم بابەتە ببەنە پەرلەمان و گوتی: "دەمانەوێت پێناسەی منداڵی تێوەگلاو لە تاوان بگۆڕین. لە ئەورووپا تەمەنی ئەو منداڵانەی وەک تێوەگلاو لە تاوان دادەنرێن 10 ساڵە، ئێمەش لەمبارەیەوە بەردەوامین لە توێژینەوە."
 
وەزیری دادی تورکیا باسی لەوە کرد کە رێکخراوە تاوانکارییەکان و باندەکانی سەر شەقام سوود لە کەڵێنە یاساییەکان وەردەگرن و گوتی: "لە 11یەمین پاکێجی دادوەریدا هەندێک رێککاری یاسایی کرا و ئامادەکاری بۆ 12یەمین پاکێجیش بەردەوامە".
 
دەزگای BTK دەکەوێتە کار
 
سەبارەت بە رێکخستنەوەی بواری تۆڕی کۆمەڵایەتی، گورلەک رایگەیاند کار لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەکرێت و گوتی: "لەگەڵ وەزارەتی خێزان لە پەیوەندییەکی نزیکداین بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کارە." ئاماژەی بەوەش کرد دوای تێپەڕبوونی یاساکە لە پەرلەمان، دەستەی تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکان (BTK) دەکەوێتە کار و وادەیەک دەدرێتە ئەو هەژمارانەی ناسنامەیان پشتڕاست نەکراوەتەوە، تاوەکو ناسنامەکانیان جێگیر بکەن.
 
گورلەک جەختی لەوە کردەوە کە پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا دەبێتە بنەما و گوتی: "ئەگەر کەسێک کۆمێنتێک بنووسێت یان بابەتێک بڵاوبکاتەوە، دەبێت ناسنامەکەی دیار بێت. چیدی ناتوانرێت بە هەژماری ساختە یان هەژماری فەیک لە دەرەوەی وڵاتەوە ئەو کارە بکرێت." 
 
هەروەها گوتیشی ئەگەر کەسێک لە سۆشیاڵ میدیا لێدوان بدات یان کەسێک بکاتە ئامانج، چونكە ناسنامەکەی دیارە، بەرپرسیارێتیی سزایی دەستپێدەکات.
 
وەزیری داد لە درێژەی قسەکانیدا پەیامی تووندی لەبارەی تیرۆر دا و گوتی: "بە پێداگرییەوە لە تێکۆشان دژی فەتۆ بەردەوام دەبین. بە هیچ شێوەیەک خاوبوونەوە لەم بابەتەدا نییە."
 
"ئەلۆ داد" لە ئیستەنبووڵ دەستپێدەکات
 
بۆ ئاسانکاریی هاووڵاتییان لە گەیشتن بە دامەزراوە دادوەرییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ کێشەکانیان، گورلەک رایگەیاند هێڵی "ئەلۆ داد" دادەمەزرێنن و گوتی: "کارەکە لە ئیستەنبووڵ دەستپێدەکەین و ئەو شارە دەبێتە ناوچەی ئەزموونی. هاووڵاتییان دەتوانن یان بچنە دادگاکان یان پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ئەلۆ دادەوە بکەن. ئەم پڕۆژەیە بە پشتیوانیی ژیریی دەستکرد (AI) بەڕێوەدەچێت.