ئەردۆغان: تورکیا پارێزراوە و رێگە نادەین ئاسمانەکەمان پێشێل بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی لە بەرامبەر پێشێلکردنی ئاسمانەکەیدا هەڵوێستێکی تووندی هەیە و جەختدەکاتەوە کە "تورکیا پارێزراوە و لە دەستی ئەمیندایە."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر تورکیا.
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، لە بەرامبەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا تورکیا رێوشوێنی تووندی گرتووەتەبەر و گوتی: "لە بەرامبەر ئەم دیمەنە نائارامکەرەدا، بە درککردن بە بەرپرسیارێتیی بەرامبەر 86 ملیۆن هاووڵاتی، هەرگیز واز لە وریایی و رێوشوێنەکان ناهێنین. هەڵوێستێکی زۆر تووند لە دژی ئەو کردەوانە دەگرینەبەر کە ئاسمانی وڵاتەکەمان پێشێل دەکەن."
 
سەرۆککۆماری تورکیا دڵنیایی دایە گەلەکەی و رایگەیاند، دەوڵەت بەردەوامە لە پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایش و رێگە نادەن هیچ کەلێنێکی ئەمنی دروست ببێت.
 
تەوەرێکی دیکەی پەیامەکەی ئەردۆغان تایبەت بوو بە لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگ، بەتایبەت بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی. ئەردۆغان گوتی: "هەوڵێکی زۆر دەدەین بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری نرخی نەوت و گازی سرووشتی، نەبێتە رێگر لە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان." ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو خانەنشینان، کرێکاران، کاسبکاران و پیشەسازان بە کەمترین زیان ئەم "رۆژە سەختە کاتییانە" تێپەڕێنن.
 
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ ، ئەردۆغان جەختی لەسەر بەردەوامبوونی پرۆسەی چارەسەریی کردەوە و رایگەیاند، رێگە نادەن ئەو "سیناریۆ خوێناوییانەی" بۆ ناوچەکە داڕێژراون، پرۆسەی ئارامیی تورکیا تێکبدەن. گوتیشی، هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە هەر هەوڵێک بکەن، کە بیەوێت ئاسایشی وڵات بخاتە مەترسییەوە.