سلێمان سۆیلو: ئامانجمان گەڕاندنەوەی یەک ملیۆن پەنابەری سوورییە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی پڕۆژەی حکومەت سەبارەت بە پەنابەرانی سووریا دەڵێ، ئامانج لە پڕۆژەکانیان گەڕاندنەوەی یەک ملیۆن پەنابەری سوورییە.
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 19ـی ئایاری 2023 لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژە نوێیەکەی حکومەتدا، ئامانجیان گەڕاندنەوەی یەک ملیۆن هاووڵاتی سووریایە بۆ زێدی خۆیان کە لەژێر دۆخی پاراستنی کاتیدان لە تورکیا.
سۆیلو رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دەست بە دروستکردنی 240 هەزار خانوو لە سووریا دەکەن و گوتی: "بەشێكی خانووەکان وەقفی قەتەر دروستییان دەکات، بەشێکی دیکەش دامەزراوە خێرخوازییەکانی دیکە دروستیان دەکەن. پرۆتۆکۆلەکە لەگەڵ قەتەر لە مانگی نیساندا واژۆ کرا، بەڵام بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا و بوومەلەرزەکەوە جێبەجێ نەکرا. هەموو ئەمانە بە تەواوی بە هاوکاری دامەزراوە خێرخوازییەکان دەکرێن".
سلێمان سۆیلو کە لە هەڵبژادنەکانی 14ـی ئایاری 2023 لەسەر لیستی ئاکپارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ بە ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردرا، رایگەیاند، له ساڵی 2018 ـەوە ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە تورکیا زیادی نەکردووه ، بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ، ژمارەی پەنابەرانی سووری کە لە ساڵی 2018دا 3 ملیۆن و 623 هەزار بووە، لە ساڵی 2020دا گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 641 هەزار و لە ساڵی 2021دا بۆ 3 ملیۆن و 737 هەزار پەنابەر زیادیکردووە.