ئەڵمانیا سیستمی پاتریۆت و 150 سەرباز لە تورکیا جێگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاری دا بە ناردنی یەکەیەکی بەرگریی ئاسمانی لە جۆری پاتریۆت و 150 سەرباز بۆ تورکیا، ئەوەش وەک بەشێک لە ئەرکەکانی ناتۆ بۆ پاراستنی باڵی باشووری رۆژهەڵاتی هاوپەیمانێتییەکە.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا کە رۆژی دووشەممە، (18ـی ئایاری 2026) بڵاوکراوەتەوە، هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە، لە رێگەی هێزێکی ئەرکی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی پاتریۆتەوە، پاڵپشتیی بەرگریی ئاسمانیی یەکگرتووی ناتۆ لە تورکیا دەکەن.
وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێزە نوێیەی وڵاتەکەی شوێنی یەکەیەکی سەربازیی ئەمریکی لە ناوچەکە دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت ئەرکەکەیان تاوەکو مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ بەردەوام بێت.
سیستمی پاتریۆتەکە لە "فەیلەقی 1ـی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی" کە بنکەکەی لە شاری هوسومی ئەڵمانیایە، دابین دەکرێت.
بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەبارەی ئەم هەنگاوەوە رایگەیاند: "وڵاتەکەمان بەرپرسیاریێتیی زیاتر لەناو هاوپەیمانێتیی ناتۆدا دەگرێتە ئەستۆ، چ لە رۆژهەڵات، باکوور یان باشووری رۆژهەڵاتی ناتۆ بێت."
پیستۆریوس دەشڵێت: "کارکردنی سەربازەکانمان بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ هاوبەشە تورک و ئەمریکییەکانمان، نیشانەی ئەوەیە کە هاوکاریی نێوانمان چەندە جێگەی متمانەیە."
هاوکات سیبیل کاتارینا سۆرگ، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی وەک "هاوپەیمانێکی گرنگی ناتۆ" بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی تورکیا.
ئەم بڕیارەی ئەڵمانیا دوای ئەوە دێت کە هەردوو وڵات دوای 12 ساڵ دابڕان، میکانیزمی "دیالۆگی ستراتیژی"یان دەستپێکردووەتەوە. رۆژی دووشەممە، سێیەمین کۆبوونەوەی ئەم میکانیزمە لە بەرلین بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و یۆهان ڤادێپول، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، کە تێیدا جەخت لە هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکان کرایەوە.
مێژووی جێگیرکردنی سیستمی پاتریۆت لە تورکیا:
- 2003: بۆ یەکەمجار لە کاتی شەڕی عێراق، لەلایەن ئەمریکا، ئەڵمانیا و هۆڵەنداوە جێگیرکرا.
- 2013: بەهۆی شەڕی ناوخۆی سووریا، ئەڵمانیا و ئەمریکا و هۆڵەندا سیستمەکەیان لە مەڕەش، دیلۆک و ئادانا جێگیرکرد.
- 2015: ئەڵمانیا و ئەمریکا سیستمەکانیان کشاندەوە، بەڵام ئیسپانیا شوێنی هۆڵەندای گرتەوە و تاوەکو ئێستاش لە ئادانا ماوەتەوە.
لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا، دوای گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و تێپەڕبوونی چەند مووشەکێک بە ئاسمانی تورکیادا، ئەنقەرە رایگەیاند کە سیستمی پاتریۆتی لە بنکەکانی ئینجیرلیک و مەڵەتی جێگیر کردووە، کە لە بنکەی رامشتاینی ئەڵمانیاوە دابین کرابوون.
سیستمی پاتریۆت چییە؟
- جۆر: سیستمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی زەمینییە.
- ئەرک: تێکشکاندنی مووشەکی بالیستی، کزووز، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی.
- بەرهەمهێنەر: کۆمپانیای Raytheon Technologiesـی ئەمریکی.
- پێکهاتە: رادار، ناوەندی کۆنترۆڵ، وێستگەی وزە و هەشت هەڵدەر (Launcher).