ئاکپارتی لەبارەی پێشنیازی باخچەلی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری: نەخشەڕێگەکە نوێ دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی دەڵێ، لە سۆنگەی رێنماییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان و دوایین گوتەکانی دەوڵەت باخچەلی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد کە بەرپرسانی باڵای تورکیا بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر ناوی دەبەن، هەڵسەنگاندن دەکەن و نەخشەڕێگەی پرۆسەکە نوێ دەکەنەوە.
دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی پارتی داد و گەشەپێدانی (ئاکپارتی) کە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 19-5-2026 بەڕێوەچوو، عەمەر چەلیک، گوتەبێژی پارتەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد.
یەکێک لە تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە پرۆسەی چارەسەری بوو و چەلیک گوتی:"هاوپەیمانیی جمهوور یەکدەستانە لەبارەی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هەنگاو دەنێت. ئەم جۆرە پرۆسانە ریتمی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لەگەڵ پرۆسە سیاسییەکانی دیکە بەراورد ناکرێ. ئاکپارتی و مەهەپە بێ وەستان کاری لەسەر دەکەن. لێرەدا ئامانج دەرکردنی تیرۆرە لە رۆژەڤی تورکیا".
لەکاتێکدا پرۆسەکە سستیی پێوە دیارە و ئەمە ناڕەزایی دەم پارتی و مەهەپەشی لێکەوتووەتەوە، دەوڵەت باخچەلی چەند پێشنیازێکی لەبارەی پرۆسەکە خستە بەردەمی ئاکپارتیی هاوپەیمانی.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە دەستپێشخەری پرۆسەکەیە، داوا لە لایەنەکان دەکات گوڕ و تین بە پرۆسەکە بدەن و گوتی:"پێویستە بۆ قۆناخی نوێ نەخشەڕێگەیەکی نوێ بخرێتەڕوو و میکانیزمی پێویستیش بخرێنەگەڕ. پێویستە مۆدێلێک بخرێتەڕوو کە بڕیاردان و جێبەجێکردنی خێرا، کاریگەر و ئەنجامبەخش فەراهەم بکات. پێویستە دامەزراوەکانی دەوڵەت بە توانا و هێزی خۆیانەوە بۆ وەرگرتنی ئەو چەکانەی دادەنرێن و لەنێوبردنی ئەوانەش چەک دانانێن، بجووڵێنەوە. هیچ بوارێک بۆ دواکەوتن نەماوە".
گوتەبێژی ئاکپارتی وەڵامی ئەو پێشنیازانەی دەوڵەت باخچەلی دایەوە و گوتی:"بێگومان لە قۆناخە جیاوازەکاندا پێویست دەکات نەخشەڕێگە نوێ بکرێتەوە. بەرێز باخچەلیش باسی ئەمە دەکات. لە سۆنگەی رێنماییەکانی سەرۆککۆمارمان و دوایین روونکردنەوەکانی بەڕێز باخچەلی، دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکە دەکەین و بە نوێکردنەوەی نەخشەڕێگەکە درێژە بە هەنگاوەکانمان دەدەین".
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان کە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ش پێشوازی لە پێشنیازەکانی باخچەلی لەبارەی خێراکردنی پرۆسەکە دەکات.