لەبەردەم پەرلەمانی تورکیا ئۆتۆمبێلێک سووتێنرا
رووداو دیجیتاڵ
بەر لە کۆبوونەوەی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 19-8-2025 بەڕێوەبچێت، ئۆتۆمبیلێکی تۆرۆس لە بەردەم پەرلەمانی تورکیا سووتێندرا.
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی پەرلەمانی تورکیا دەم و دەست ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد و کەسێکیشیان بە تۆمەتی سووتاندنی ئەو ئۆتۆمبیلە دەستگیرکرد.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەنقەرە بڵاویکردەوە: "بەرەبەیانیی رۆژی 19-8-2025 ئۆتۆمبێلێک لە شەقامی ئینۆنو لە دەرگای پەرلەمان سووتێندرا. بەدواداچوونمان کرد و دەرکەوت ئەنجامدەری ئەو کارە کەسێکە بە ناوی (م. ئـ. ف) کە دانیشتووی پارێزگای مێرسینە، کێشەی دەروونیی هەیە و ژمارەیەک تۆمەتی دیکەی لەسەرە. دەستگیرمان کرد و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە".
لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری و رۆژی 5-8-2025 یەکەمین کۆبوونەوەی سازکرد.
هەروەها رۆژانی 8 و 12ی مانگیش دووەمین و سێیەمین کۆبوونەوەی سازکرد و ئەمڕۆ سێشەممەش بڕیارە بۆ چوارەم جار کۆببێتەوە.
ئەو لیژنەیە لە 51 ئەندام پێکهاتووە و ژمارەی ئەندامەکان بەگوێرەی ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمان، دابەشکراوە.
تۆرۆسی سپی چییە؟
لەو سەردەمەدا؛ سەرەتای ساڵانی 1990 لە باکووری کوردستاندا ژمارەیەکی زۆر خەڵک بە ناڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتەوە کوژران. ئەو تاوانانە وەکو دۆسیەی تاوانە بکەر نادیارەکان چوونە مێژووەوە.
زۆرجار بۆ ئەو تاوانانە ئۆتۆمبیلی جۆری تۆرۆسی سپی بەکاردەهێندرا. بە جۆرێک لەو سەردەمەدا خەڵک لەو جۆرە ئۆتۆمبیلە تۆقیبوون، چونکە لەگەڵ دەرکەوتنیان، خەڵکیان دەڕفاند یانیش دەیانکوشتن.