ئاگر لە دارستانەکانی دوو پارێزگای تورکیا کەوتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی ئالانیا سەر بە پارێزگای ئانتاڵیا ـی تورکیا، لە دارستانێکی ناوچەکە ئاگر کەوتووەتەوە. تیمەکان هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن
شەوی پێنجشەممە، 18 ـی ئەیلولی 2025 لە گەڕەکی عەلی ئەفەندی بە هۆکارێکی نادیار ئاگرەکە کەوتووەتەوە. بەهۆی کاریگەریی باوە، لە ماوەیەکی کورتدا تەشەنەی سەند و گەیشتە نزیک ناوچەکانی نیشتەجێبوون.
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان، ئاگرکوژێنەوە و ئافاد رەوانەی ناوچەکە کران.
هەوڵی تیمەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەردەوامە. وەکو رێکارێکی خۆپارێزی، کارەبای ناوچەکە بڕدرا.
بەهۆی کاریگەریی ئاگرەکەوە لە گەڕەکی عەلی ئەفەندی هەندێک ماڵ چۆڵکران. ئاگرەکە زیانی بە خانووە پلاستیکییەکان و باخچەکانیش گەیاند.
جگە لە ئاگرەکەی ئالانیا لە دەورووبەری گەڕەکی کیکەشڵاجک سەر بە شارۆچکەی میلاس لە پارێزگای موغڵا، ئاگر کەوتەوە و بەهۆی بای بەهێزەوە ئاگرەکە بۆ دارستانەکانی ناوچەکە تەشەنەی سەند.
دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، ئامێری کارکردن، کارمەندی دارستان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانی موغڵا و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی سەر بە گەورەشارەوانی رەوانەی ناوچەکە کران.
تیمەکان بە درێژاییی شەو هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان دا، ژمارەیەک خۆبەخش و هاووڵاتییش پاڵپشتیی تیمەکانیان کرد.
تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ هەینی 19ی ئەیلولیش ئاگری دارستان لە سنووری ئەو دوو پارێزگایەی تورکیا بەردەوامە و تیمەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان دەدەن.